ئێنریكی بەمشێوەیە باسی میسی دەكات

:: PM:01:14:20/03/2017 ‌

لویس ئێنریكی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی رایگەیاند كە شانازی دەكات راهێنەرایەتیی لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە ریزی یانەكەیدا دەكات.

شەوی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە لەنێو یاریگەی كامپ نوو لە گەڕ ی 28ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا بە ئەنجامی 4-2 گۆڵ لە یانەی ڤالێنسیای بردەوە.

بەم سەركەوتنە یانەی بەرشەلۆنە كۆی خاڵەكانی لەم وەرزەی خولی ئیسپانیا كردە 63 خاڵ و بەجیاوازی 2 خاڵ لەگەڵ یانە ركابەرەكەی ریال مەدرید، هەر لە ریزی دووەمی یانەكان مایەوە.

میسی لەو یارییەدا توانی 2 گۆڵ تۆمار بكات، بەمەش ژمارەی گۆڵەكانی لەم وەزەی خولەكەدا كردە 25 گۆڵ و ریزبەندی یەكەمی گۆڵكارانی خولەكەی قایمتر كرد.

راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە دوای یارییەكە بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: میسی پێشتر سەرجەم ژمارە پێوانەییەكانی شكاندبوو، دواتریش دووبارە ژمارە پێوانەییەكانی شكاندەوە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە میسی بۆ هەشتەم وەرزە لەسەر یەك بتوانێ لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەكاندا لە ماوەی یەك وەرزدا زیاتر لە 40 گۆڵ تۆمار بكات، بێگومان ئەم ژمارە پێوانەییەش زۆر دەگمەنە لە خولە گەورەكانی ئەوروپادا دووبارە ببێتەوە.

لە كۆتاییدا ئێنریكی رایگەیاند كە شانازی دەكات لە یانەیەكدا كاری راهێنەرایەتی دەكات یاریزانێكی وەك میسی تێیدا یاریی دەكات و جەختیشی كردەوە كە دەبێت سەرجەم ئەندامانی یانەی بەرشەلۆنە شانازی بە بوونی ئەم یاریزانەوە بكەن.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م