پۆلیسی کەرکوک گیرانی نزیکەی 300 داواکراویان بە تۆمەتی جۆراوجۆر راگەیاند و پێشتریش ئاگاری ئەوەیان بڵاو کردبۆوە لە بەرەبەری نەورۆزدا هەڵمەتێک بۆ گرتنی داواکراوانی ئەو شارە دەست پێ دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەم 20ی ئادار/مارس بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی کەرکووک لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان هەواڵی گرتنی زیاد لە 300 داواکراوی بە مادەی جۆراوجۆر ئاشکرا کرد و راشی دەگەیەنێت، پلانی تەناهی نوێمان بۆ کەرکووک داڕشتووە و لەئێستەدا تاوانەکانی کوشتن و رفاندن و دزیکردن و ھەڵکوتانە سەر ماڵان کەمیان کردووە.
گوتەبێژی پۆلیسی پۆلیسی کەرکووک ئاماژە دەدات، بە ھاوکاری ھێزەکانی ئاسایشی کەرکوک، تەنھا لە مانگی رابردوودا 291 تاوانبار گیراون کە داواکراون بەماددەی تیرۆر و کوشتن و رفاندن و دزیکردن، گیراوەکان بەشێکیان لەبازگەکان و بەشێکی دیکەیان لە ئەنجامی گەڕان و پشکنین و ھەڵمەتەکانی سەرجەم دەزگا تەناهییەکانی پۆلیس و ئاسایشی شارەکە گیراون.
ماوەی چەند مانگیکە کوشتن و هەڵکوتانە سەر هاوڵاتیان و دزی و رفاندنی خەڵک لە کەرکووک زیادی کردوە و کۆمەڵێک گروپی چەکدار لەو شارەدا دروست بوون، پۆلیسی ئەو شارەیش دووپاتی دەکاتەوە، لەدوای ئەو هەڵمەتەی بۆ گرتنی تۆمەت٥باران و داواکراوان دەستیان پێ کردوە، ئەو دیاردانە روویان لە کەمبونەوە کردوە.
هیدایەت