بۆ دابەزینی نرخەکان باج لەسەر بەروبومی هاوردە هەڵگیرا

:: PM:03:52:20/03/2017 ‌

بەهۆی پێنەگەشتنی بەرهەمی ناوخۆ، وەرگرتنی باج لە سەوزە و میوەكان لابراوە و بەرپرسێكی وەزارەتی كشتوكاڵیش ئاماژە بەوە دەكات، لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمی جوتیار، باج دەخرێتەوە سەر هەموو بەروبومە هاوردەكراوەكان.
 
ئەمڕۆ دووشەم 20ی ئادار/مارس، شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی لە لێدوانێکدا نۆ "وشە" رای گەیاند، ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان ئەو كاتەی بەرهەمی ناوخۆ بەرەو تەواوبوون دەڕوات، بە تایبەت لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەم، باج لەسەر بەرهەمە هاوردەكراوەكان لادەبرێت.
 
زیاتر روونی دەکاتەوە، كاتێك بەرهەمی ناوخۆی بەرەو تەواوبوون دەچێت، بۆ پڕكردنەوەی پێویستیەكانی هەرێم، دەبێت بەرهەمی دەرەوە بێنینە ناوخۆی هەرێم، ئەوكات ناكرێت باج بخرێتە سەر ئەو بەرهەمانە چونكە پێویستی رۆژانەی هاوڵاتیان پڕ دەکاتەوە  بە تایبەتی سەوزە و میوەكان.
 
"بەردەوام باج لە سەر مریشك و قارچك و چەند خواردنێكی تر هەیە لە تەواوی ساڵەكان، كاتێكیش وەرزی زستان تەواو دەبێت لە 15ی نیسان بۆ 15ی تشرینی دووەم دەستدەكرێتەوە بە دانانی سیستمی باج لەسەر سەرجەم سەوزە و میوەكان، چونكە بەرهەمی ناوخۆ پێگەیشتووە و نابێت جوتیارانمان زەرەرمەندبن" شاڵاو جەمال وایگوت.
 
ئیبراهیم سادق، وەك جوتیارێك كە ماوەی چەندین ساڵە سەوزە و میوە بەرهەم دەهێنێت بۆ "وشە" ئاماژەی دا، ئێستا كە وەرزی زستانە هیچ بەرهەمێك پێنەگەیشتووە، ئاساییە ئەگەر باج نەخرێتە سەر بەرهەمە هاوردەكراوەكانی وەک سەوزە و میوە، چونكە جوتیار هیچی پێنەگەشتووە و شتێكی نییە تا زەرەری لێ بكات.
 
ئاماژەی بەوەش كرد، كاتێك بەرهەمی ناوخۆی پێدەگات و جوتیار بەرهەمەكانی دەخاتە بازاڕەوە، بەردەوام بەو شێوەیە بووە كە بەرهەمە ناوخۆییەكان لە سەرەتای خستنە بازاریان گرنگیان هەیە، دوای ئەوە هیچ خواستێكیان لەسەر نامێنێت و بڕە پارەیەكی زۆر كەم دەكەن كە هیچ جێگەیەك بۆ جوتیار پڕ ناكاتەوە، بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆ پارەی خۆی بكات، پێویستە باجی بەرهەمە دەرەكیەكان زیاتر بكرێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - هیدایه‌ت جان