30 ئۆتۆمبێلی پڕ چەكداری داعش بۆردمان كران

:: PM:12:01:22/10/2016 ‌

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەموو هێزەكانی هاوپەیمانان لە سنووری نێوان عێراق و سووریا كاروانێكی ئۆتۆمبێلەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعشیان كردە ئامانج و زیاتر لە 30 ئۆتۆمبێلیان سووتاند و تەواوی چەكدارانی سەرنشینی ئەو ئۆتۆمبێلانەشیان كوشت.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوكراونەتەوە، 30 ئۆتۆمبێلی پڕ لە چەكداری رێكخراوی تیرۆریستی داعش لەوكاتەی خەریكی هەڵاتن بوونە لە مووسڵەوە بەرەو سووریا لەلایەن فڕۆكەكانی هاوپەیمانانەوە كراونەتە ئامانج و سەرجەمیان سووتێنراون.

زانیارییەكان هێما بۆ ئەوەش دەكەن، كە زیاتر لە 80 تیرۆریست لەنێو ئۆتۆمبێلەكاندا بوونیان هەبووە و لە مووسڵەوە بەرەو رەقە رۆیشتوون لە سنووری نێوان سووریا و عێراق كراونەتە ئامانجی تیرۆریستان و بە تەواوی سەرنشینەكانیانەوە لەناوبراون.

دوای دەست پێ كردنی هەڵمەتی رزگاركردنەوەی مووسڵ لە 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر ترس و دڵەڕاوكێ چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی ناچار كردووە زۆرێكیان ڕا بكەن و مووسڵ بەجێ بهێڵن بەرەو سووریا و بەشێكیشیان لە نێو مووسڵ خۆیان حەشارداوە و ئامادە نین بۆ رێكخراوەكە بجەنگن و خۆیان بە كوشت بدەن.

رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی نزیكەی 60 هەزار چەكدار لە چوار فیرقەی سەربازی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی شارەكە، تەواوی شاری مووسڵ كەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش و پاش ئەوەی شارەكە داگیر كرا، ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە مزگەوتێكی مووسڵ پەیامی بڵاو كردەوە و پاشان تیرۆریستان بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشڕەوییان كرد.

لە سەرەتاكانی مانگی ئاب/ئۆگستسی 2014، تیرۆریستان بەرەو كوردستان گەڕانەوە و پەلاماری ناوچە كوردستانییەكانیان دا بەرەو هەولێر هاتن و شارۆكەی مەخموور و گوێڕیان كۆنتڕۆڵ كرد، بەڵام لە شەوی 10 ئاب/ئۆگستسی 2014، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا هاتنە وەڵام و یەكەم بۆردمانیان لە مەخموور و گوێڕ بۆ سەر تیرۆریستان ئەنجام دا.

رۆژی دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە درەنگانی شەودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستپێكی هەڵمەتی رزگاری شاری مووسڵی ڕاگەیاند و بۆ بەیانییەكەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر دەستیان بە پێشڕەوی كرد و توانیان تا نیوەڕۆ نۆ گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە ، هاوكات لە میحوەری گوێڕ-مەخموور و میحوەری گەیارەش هێزەكانی عێراق پێشڕەوییان كرد و هەڵمەتەكان لایەن هێزەكانەوە رۆژ دوای رۆژ بەردەوام دەبن و بازنەی گەمارۆدانی تیرۆریستان لە مووسڵ سات دوای سات بچووكتر دەبێتەوە.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.








وشە - باز ئه‌حمه‌د