زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی لە دوو هەفتەی رابردوودا

:: PM:01:51:21/03/2017 ‌


دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو نرخی زێڕ هەر ئۆنسێکی بۆ خوارووی هەزار و ٢٠٠ دۆلار دابەزی، لەو کاتەوە رووی لە بەرزبوونەوە کردووە و ئێستە هەر ئۆنسێکی بە هەزار و ٢٣٢ دۆلار دەفرۆشرێت.

جێگەی باسە نرخی زیڕ دوای ئەوە رووی لە هەڵکشان کرد کە بانکی ناوەندیی ئەمەریکا رێژەی سوودی بانکی بەرز کردەوە و ئاشکرای کرد ئەو پڕۆسەیە تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٨ بەردەوام دەبێت.

بە گوتەی لێکۆڵەرەوان نەبوونی سیاسەتێکی روون و ئاشکرا سەبارەت بە ئابووری لە لایەن دۆناڵد ترەمپەوە بووەتە هۆی نیگەرانی وەبەرهێنەران و بازرگانان و کاتێک پێنوێنی بازاڕی بۆڕسە روو لە دابەزین دەکات خەڵک روو لە کڕینی زیڕ دەکەن.

هاوکات یەکێکی تر لەو هۆکارانەی وای کردووە نرخی زێڕ لەو ماوەیەدا تا رادەیەک بەرزبوونەوە تۆمار بکات بریتی بوو لە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی هۆڵەندا کە تیایدا ئەو لایەنە سەرکەوت کە دەیەوێت لەگەڵ یەکێتی ئەورووپادا بمێنێتەوە و ئەمەش بە واتای سەقامگیری زیاتری بازاڕی ئەورووپا دێت.

سەرچاوە/dailyfx




وشە - سلێمان تاشان