بە 150 ملیۆن دۆلار خەونی كارەبای 24 سەعاتی دێتە دی

:: PM:02:00:21/03/2017 ‌


تا ئێستە كە كارەبای بەردەوامی نیشتمانی لە كوردستان خەون بووە، پێوەری زیرەك هاتنە دیی ئەو خەونەیە و تێچووەكەشی ١٥٠ ملیۆن دۆلار دەبێت. كارەبای كوردستان كە بڕێكی زۆری لێ بەفیڕۆ دەڕوات بەوەی كارەبای زۆربەی هاوبەشەكانیشی لەودیو پێوەرەكانن، ئەو پێوەرە زیرەكە دزی لێ ناكرێت و لەو كاتانەش كە لۆد زۆرە، كلیكێك بەسە بۆ ئەوەی كارەبای هەموو هاوبەشەكانی بكات بە ئەمپێر
.

ئەگەر لە ڕۆژێكدا ١٥ سەعات كارەبای نیشتمانی لە كوردستان هەبێت، بۆ خەڵكەكەی جێی پرسیارە و بە گاڵتەوە دەپرسن، تۆ بڵێی هیچ شتێك ڕووی نەدابێت؟ ڕەنگە لە بیریان چووبێت بیكوژێننەوە!. نا نەخێر ئەوە ناوە ناوە ترافیكەكە بەم شێوەیە جام دەكات. ئەگەرەكان لە هزری خەڵك و تێڕوانینیان بۆی زۆرە و كۆمەڵێك ناووناتۆرەشی دەپاڵ خراوە كە چواندنی كارەبا بە گڵۆپی ترافیكی سەرشەقامن، بەرچاوترینیانە.

ئەو خەڵكە كە لەبارەیەوە دەنگی ناڕازییان بەرزە، لە بەكارهێنانیدا لە ترۆپكن كە بەرزترین خواستیان پێنج هەزار مێگاواتە. لەكاتێكدا‌ بەرهەمی كارەبا تەنیا دوو هەزار و ٧٠٠ مێگاواتە. ئەو بڕە بەرهەمە بەلای محەمەد ئەمین گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا كەم نییە، بەڵكو ئەو ڕێژەی زۆرەی بەكارهێنانە خەیاڵییە. ئەو نموونە بە وڵاتی ئۆردن دێنێتەوە كە نۆ ملیۆن و نیو كەسن و بەو هەمووە كارگە گەورانەی پیشەسازیشیانەوە، خواستیان تەنیا دوو هەزار و ٤٠٠ مێگاواتە. بەڵام دەڵێ، "ئەوان توانیویانە لە بەكارهێنانی كارەبادا، كۆنتڕۆڵی هاوبەشەكانیان بكەن".

جیا لەوە وەزارەت لە دزیكردنی كارەبا لەلایەن هاوبەشانییەوە ئاگادارە كە كارەبای زۆربەیان لەودیو پێوەریانە، بەڵام ئەوانە بەجۆرێك كراون كە دۆزینەوەیان ئاسان نییە و كاتێكیش كەسێك لەسەر ئەو سەرپێچییەی سزا دەدرێت، دوای ماوەیەك دەگەڕێتەوە سەر هەمان كار و لیژنەكانی بەدواداچوونیش كە لەو تەنگژە دارایییەدا سستن، وای كردووە وەزارەت لە توانایدا نەبێ بەردەوام چاودێر بێت بەسەر هاوبەشەكانییەوە. محەمەد ئەمین ئاماژە بەوە دەدات كە ٣٠%ی كارەبا‌ی كوردستان بەفیڕۆ دەڕوات.

ئەو ڕێژەی بە فیڕۆچوونە لەكاتێكدایە، تێچووی كارەبا لەسەر حكوومەت گەلێك قەبەیە و زۆر لە تێچووەكەی كەمتر لە خەڵكەكەی وەردەگرێتەوە. محەمەد ئەمین دەڵێ، "٧٥%ی خەرجی كارەبا لە ئەستۆی حكوومەت خۆیەتی و تەنیا ٢٥%ی تێچووی كارەبا لە هاووڵاتییان وەردەگرێتەوە".

پێوەری زیرەك لە ڕێگەی هێڵی كارەباوە بە كۆمپیوتەرەكانی سەنتەری كۆنتڕۆڵی كارەباوە دەبەسترێنەوە و لەسەر كۆمپیوتەرەكە بە دیار دەكەوێت، لە هەر ماڵێك چەند كارەبا بە كار دەبرێ و بایی چەندیشی خەرج كردووە. ئەگەر لە كێبڵەكەیشەوە بدزرێت هەر ئاشكرایە، چونكە پێوەرێكیش لەسەر محاویلەی كارەبا دادەنرێت و دەزانرێت چەند ماڵی لەسەرە و هەریەكەیان چەند بە كار دەبەن و چەندیش ون دەبێ. ئەگەر كێشەكە پێوەندی بە دزینەوە هەبێت، ئاشكرا دەبێت و ئەگەریش كێشەیەكی تەكنیكی بێت، هەر ئاشكرا دەبێت.

ئەو پێوەرە خۆی چاودێری كارەبای ماڵان دەكات و ڕێگری لە زێدەڕۆیی دەكات. لە ڕێگەی ئەو پێوەرانەوە دەتوانرێت سزای زیادەڕۆیی لە كارەبادا بكرێت و لەو كاتانەی هاووڵاتییان كارەبای زۆر بەكار دێنن كە (لە ئێواراندا زۆرترین كارەبا لە كوردستان بەكار دەهێنرێت)، لە سەنتەرەوە ئەمپێری ماڵان دیاری دەكرێت و بەوەش دەتوانرێ كارەبایەكی بەردەوام دابین بكرێت. پێوەری زیرەك چارەی ئەو كەسانەشی لایە، كە پارەی كارەبا نادەن و دەتوانێت كارەبایەكەیان بۆ بكاتە كارت.

ئەنجوومەنی وەزیران، ڕەزامەندی لەسەر ئەو پرۆژەیە داوە و محەمەد ئەمین گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا دەڵێ، "چەند كۆمپانیایەكی جیهانی بانگ كراون لەسەر ئەركی خۆیان پێوەرەكانیان تاقی بكەنەوە و دەخرێنە‌ كێبەركێوە كە دواجار باشترینیان هەڵدەبژێردرێت".

ئەوە جاری یەكەم نییە وەزارەتی كارەبا پێوەری زیرەك تاقی دەكاتەوە و لە ڕابردووشدا لە پارێزگای هەولێر، حەوت هەزار دانەیان بۆ ماڵان بەست كە نرخی هەردانەیەكیان 180 دۆلار و تێكڕایان ملیۆنێك و 260 هەزار دۆلار بوو. ئەوانە كە لە ئەستۆی وەزارەت بوون، پێوەرەكان گرفتی گواستنەوەی زانیارییان هەبوو و تەمبەڵ دەرچوون. گوتەبێژەكەی وەزارەتی كارەبا دەڵێ، "ئەو پێوەرانەی ئێستە زیرەكتر و پێشكەوتووترن". بەڵام هیچ روون نییە ئەو پێوەرانەی بۆ هەولێر كڕان چی بەسەر هات و بۆچی پارە بە ئامێری بێ كەڵك درا؟

ئەو پێوەرانە بارێكی ئەوەندە قورس نییە تا لە تاقەتی حكوومەت نەبێت و مەزەندە دەكرێت نرخی هەر پێوەرێكی زیرەك ١٠٠ دۆلار بێت. وەزارەتی كارەبا كە ملیۆنێك و ٤٠٠ هەزار هاوبەشی هەیە، كۆی پێوەرەكانیان ١٤٠ ملیۆن دۆلار دەكات.

جگە لە پێوەری ماڵان، كوردستان ٤٣ هەزار محاویلەی هەیە، نرخی هەموو پێوەرەكانی ئەوانیش چوار ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دۆلارە. سەرباری ئەوە، ڕەنگە بڕێكیش بۆ پێوەری كارگە و بەڕێوەبەرایەتی و وەزارەتەكانی حكوومەت بڕوات كە ژمارەیان ڕوون نییە و پێوەرەكانیان گەورەتر و نرخیشیان گرانترە.

بەو پێیە تێچووی كۆی دانانی پێوەری زیرەك، لە ١٥٠ ملیۆن دۆلار تێپەڕ ناكات.‌ گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا ڕای دەگەیەنێ، "پارەی پێوەرەكان لە ئەستۆی حكوومەت خۆی دەبێت. كە دواجار ڕەنگە پارەی كۆی ئەو پێوەرانە، یەكسان بێت بە پارەی ئەو كارەبایەی كە خەڵكی لە پشت پێوەرەكانیانەوە بردوویانە."

پێوەری زیرەك سوودەكانی زۆرن و لەوانەیە كارەبای بەردەوام دابین بكات، بەڵام لایەنی نەرێنیی هەیە و ئەویش لەگەڵ بەستنیان ڕەنگە ئەو كارمەندانەی بۆ وەرگرتنی پارە لە دەرگای ماڵەكان دەدەن و ئەو مۆلیدە ئەهلییانەی ئێستە هەن، جێگەكەیان لەق بێت.


وشە/ چواس خالید



وشە - تایبه‌ت