چین.. لە توالێتە گشتییەکان کامێرای چاودێری دادەنرێت

:: PM:02:58:21/03/2017 ‌


لە شاری پەکینی پایتەختی وڵاتی چین، بچیتە توالێتی گشتییەوە و دوای ئەوەش بتەوێت پارچەیەک کلێنسی توالێتەکە بەکاربهێنیت، ناچاریت بەر لەوە رێگە بدەیت کامێرا وێنەیەکت بگرێت.

بە مەبەستی بنبڕکردنی دیاردەی دزینی کلێنسی توالێتە گشتییەکان، کاربەدەستانی پەکین هەستاون بە دانانی کامێرا لە یەکێک لە توالێتە گشتییەکانی ئەو شارە، بە شێوەیەک کە بەکارهێنەرانی توالێتەکە ناتوانن کلێنس بەکار بهێنن، بەر لەوەی کامێرا جێگیرکراوەکە وێنەیان بگرێت، ئەمەش بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو کەسانە کلێنسەکە نادزن.

بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەو کەسەی بیەوێت کلێنسی ئەو توالێتە بەکاربهێنێت، پێویستە سەرەتا لە بەردەم کامێراکە بوەستێت و وێنەیەکی بگیرێت، ئەوسا دەتوانێت پارچەیەک کلێنس رابکێشێت، هاوکات کامێراکە بە جۆرێک بەرنامەڕێژ کراوە، کە هیچ کەسێک ناتوانێت لە ماوەی کەمتر لە نۆ خولەک، زیاد لە جارێک کلێنس رابکێشێت.

دانانی کامێرا لە توالێتی گشتی، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووەتە مایەی دروستکردنی دەنگدانەوەیەکی زۆر لە بارەی پاراستنی تایبەتمەندییە کەسییەکان، بە شێوەیەک هەندێک لە بەکارهێنەران ئاماژە بەوە دەدەن، کە پێشتر لەو باوەڕەدا بوون، کە توالێت تاکە شوێنە تێیدا هەست بە پارێزراویی تایبەتمەندییە کەسییەکانیان بکەن، بەڵام ئیتر لەوێش چاودێرییان بەسەرەوەیە.

سەرچاوە/ سکای نیوز



وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی