کۆمەڵی ئیسلامی: پێویستە پەلە لە جێبەجێكردنی دەستپێشخەرییەكەی بارزانی بكرێت

:: PM:04:29:21/03/2017 ‌


سەلیم كۆیی بەرپرسی پێوەندییەكانی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان، لە دیدارێكی "وشە"دا، پشتیوانی حزبەكەی بۆ سەربەخۆیی كوردستان رادەگەیەنێت و ئاشكرای دەكات، كۆمەڵی ئیسلامی پڕۆژەیەكی بۆ سەربەخۆیی كوردستان گەڵاڵە كردووە. ئەو بە پێویستی دەزانێت "پەلە لە جێبەجێكردنی دەستپێشخەرییەكەی بارزانی بكرێت" و پرۆژەكەی یەكگرتووی ئیسلامی بە ستراتیجی نازانێ.

كۆمەڵی ئیسلامی پێی وایە ئێستە هیچ گۆڕانكارییەك لە پێوەندی لایەنە سیاسییەكان هاتووەتە ئاراوە بەتایبەت دوای ئەو تەنگژانەی لە كوردستان سەریان هەڵدا و دووركەوتنەوە لە نێوان حزبەكان رووی دا؟
دەكرێ‌ بڵێین هیچ گۆڕانكارییەك لەسەر هەڵوێستی لایەنە سیاسییەكان نەهاتووەتە ئاراوە، چونكە پێوەندیی حزبەكان بەشێوەیەك نەبووە لێك دوور بن و نەگەن بەیەك، بەڵكو هەڵوێستەكان وایان كرد حزبەكانی كوردستان لێك دوور بن، گرنگە ئەوە بزانین كە حزبەكان لە ئاست تەنگژەكاندا هاوهەڵوێست نین و بە گۆڕانكاری لە هەڵوێستەكان دەتوانن لە یەكتر نزیك بكەونەوە، بۆیە تا ئێستە تەنیا ئەوە ماوە كە هەڵوێستی حزبەكان بەكردەیی بكرێت، بەتایبەت دەسپێشخەرییەكەی مەسعوود بارزانی كە پێویستە پەلە لە جێبەجێكردنی بكرێت و چیتر دوا نەخرێت، تا ئێستە هۆكاری دواخستنی جێبەجێكردنی ئەو دەسپێشخەرییە نازانرێت، چونكە پەیامەكەی بارزانی لە كاتێكی گونجاودا بوو، دەتوانرا تەواوی تەنگژەكانی پێ چارەسەر بكرێت.

ئەی دەسپێشخەری ئێوە بۆ تێپەڕكردنی تەنگژە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان چییە؟
كۆمەڵی ئیسلامی بۆ چارەسەركردنی تەنگژە سیاسییەكان وەڵامی دەسپێشخەرییەكەی بارزانی دایەوە دوای چەند سەعاتێك، لەگەڵ ئەوەشدا پڕۆژەی باش هەیە بۆ چارەسەری كێشەكان و بەپێی گۆڕانكاری لە پڕۆژەكان لەكاتی گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەكاندا.

جیا لە دەسپێشخەرییەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، یەكگرتووی ئیسلامیش دەڵێن پڕۆژەیەكمان هەیە، پڕۆژەكەی یەكگرتوو گەیشتووەتە لای ئێوە؟
نازانم، من ئاگەداری گەیشتنی پڕۆژەی یەكگرتوو بە كۆمەڵی ئیسلامی نیم، بەڵام پڕۆژەكەم لە شوێنی تر بینیووە و پێمان وایە دەكرێت قسەی لەسەر بكرێت، هەرچەندە لەو دۆخەی كوردستاندا بێ‌ پڕۆژە نین، بۆیە جارێكی تر دەیڵێمەوە ئەگەر پەیامەكەی بارزانی جێبەجێ‌ بكرێت، كوردستان یەك كێشەی نامێنێت، بەڵام پێمان وایە ئەگەر پڕۆژەكەی بارزانی و پارتی جێبەجێ‌ نەكرێت، ئەوە جێبەجێكردنی پڕۆژەی لایەنەكانی تر قورسترە.
پڕۆژەكەی یەكگرتوو گشتگیرە و تەنیا لایەنی دەسەڵات دەتوانێ‌ پڕۆژەكانی جێبەجێ‌ بكات و تەواوی وردەكارییەكان دەكەوێتە سەر ئەوان. پڕۆژەكەی یەكگرتوو بۆ جووڵاندنی دۆخەكەیە و لە گفتوگۆكاندا دەبێت قسەی لەسەر بكرێت، ئەوە پڕۆژەی ستراتیژی نییە بۆ داهاتووی كوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لە بەردەم گۆڕانكاری گەورەداین و پێویستمان بە پڕۆژەی رژد هەیە.

وا دەبینرێت كۆمەڵ و گۆڕان لە زۆر پرسدا هاوهەڵوێست بن، تەنانەت هەندێك جار ئێوە بڕیارە سیاسییەكانتان لەوان وەردەگرن، بۆچی؟
كۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ هەموو لایەنەكان پێوەندی باشە و پڕۆژەی هاوبەشی هەیە و لە خەمی بارودۆخەكەداین، نامانەوێ چیتر لە دوورەوە تەماشای یەكتر بكەین. پێویستە كار بكەین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا تەنگژەی تر دروست نەكەین، بەڵام كۆمەڵی ئیسلامی لەژێر بڕیاری گۆڕاندا نییە و گفتوگۆمان زیاتر لە نێواندایە، هیچ لایەنێك نییە ئەمڕۆ بە ئازادی خاوەنی بڕیاری خۆی نەبێت، بەڵام زۆرجار بۆچوونەكانمان لەگەڵ گۆڕاندا بووە، لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵ یەكەم حزب بوو بە ئەرێنی وەڵامی دەسپَشخەرییەكەی بارزانی دایەوە و پرسیشمان بە كەس نەكرد.

دوای تێكچوونی بارودۆخی سیاسیی كوردستان، هیچ پێوەندییەكی راستەوخۆ لە نێوان بارزانی و عەلی باپیر هەبووە؟
نەخێر، هیچ پێوەندییەكی راستەوخۆ نەبووە، تەنیا پێوەندییەكان لە ڕێگەی حزبەوە بۆ چارەسەری كێشەكان بووە، بەڵام كۆمەڵی ئیسلامی كێشەی لەگەڵ هیچ كەسێكدا نییە و تەنیا دەمانەوێ پڕۆژەكان بۆ چارەسەری كێشەكان جێبەجێ‌ بكرێن، پێویستە زیاتر لەگەڵ حزبەكان لە یەكتر نزیك ببینەوە و نامانەوێت كێشەكانمان لەگەڵ پارتی و لایەنەكانی تر بەردەوام بێت.

ئێوە پۆستی سكرتێری پەرلەمانی كوردستان و لە حكوومەتیشدا چەند پۆستێكتان هەیە، ئامادەن دەستبەرداری ئەو پۆستانە بن ئەگەر كێشەكان پێی چارەسەر ببێت؟
ئەگەر دۆخەكە بەو شێوەیە بمێنێتەوە، چەند پۆستت هەبێ‌ ناتوانرێت خزمەتی دۆخەكە بكرێت. ئێستە كێشە لەسەر وەزیرێك و سكرتێری پەرلەمانی كوردستان نییە كە پشكی ئێمەیە وەك كۆمەڵ، ئێمە هەرگیز وا بیر ناكەینەوە كەسەكان و پۆست هۆی كێشەكان بن، بۆیە دڵنیایی دەدەم ئەگەر دۆخی كوردستان باش بێت، ئێمە لە حكوومەتیشدا نەبین هیچ كێشەیەكمان نییە، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان داوای پۆستی سكرتێری پەرلەمانی نەكردووە و لە سەرەتاشدا ئامادە نەبوون وەری بگرن.

دیدی ئێوە بۆ پڕۆژەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان چییە، كۆمەڵ پشتیوانی لە پڕۆژەیەكی لەو شێوەیە دەكات؟
پرسی سەربەخۆیی كوردستان پێوەندی بە مەكتەبی سیاسی و پڕۆژەی ئەوان هەیە بۆ ئەو بابەتە، بەڵام هیچ كوردێك دژایەتی پڕۆژەی سەربەخۆیی ناكات بەمەرجی ئەوەی بە بەرنامە بكرێت و پرسیاری ئەوە بكەین لە چ كات و ساتێكدا دەتوانین پڕۆژەی سەربەخۆیی سەركەوتوو بكەین، كۆمەڵی ئیسلامی پڕۆژەی بۆ سەربەخۆیی كوردستان هەیە، بەڵام لە گفتوگۆی ئەوەداین چۆن و لە چ كاتێكدا بیخەینە ڕوو.

یەكگرتن و لێك نزیكبوونەوەی حزبە ئیسلامییەكان بۆچی دوای سەردانی ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی بۆ ئێران زیاتر چڕ كرایەوە؟
هیچ كاتێك نابێت لایەنی سیاسی فشاری لەسەر بێت ئەگەر مەبەستت لە پرسیارەكە ئەوەیە، بەڵام پڕۆژەی لێك نزیكبوونەوەی ئیسلامییەكان هی ئەمساڵ نییە، پێشتر پڕۆژەیەكی وا هەبووە كە ئیسلامییەكان لە جیابوونەوە و لە یەكگرتنیشدا پرس بە هیچ كەس و لایەنێك ناكەن، كۆمەڵی ئیسلامی لەوانە نییە فشاری وڵاتانی تری لەسەر بێت.

لە كۆتادا دەپرسم ئەدای كاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان چۆن دەبینن؟
ئەدای كاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان دیارە و پێویستە لە خەڵك پرسیار بكرێت، بەڵام كۆمەڵی ئیسلامی لە وەزیرەكەی خۆی لە حكوومەت رازییە.



وشە - تایبه‌ت