"وشە"ئاماری گەشتیارانی عەرەب و ئێرانی ئاشكرا دەكات
لەناوەڕاستی ئەم مانگەوە و تاوەكو ئەمڕۆ زیاتر لە(30) هەزار گەشتیاری عەرەب و ئێرانی لەرێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و بازگەكانەوە، هاتوونەتە پارێزگای سلێمانی و پێشبینیش دەكرێت ئەو رێژەیە بەرزببێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەم بەپێی ئامارێكی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، كە وێنەیەكی دراوەتە "وشە" تیایدا هاتووە، لەرێكەوتی (15/3 تا 21/3/2017) لەرێگەی ئەو مەرزە نێودەوڵەتییەی هەرێمی كوردستان، نزیكەی هەشت هەزار و 500 گەشتیاری ئێرانی هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و لەرێگەی شارۆكەی پێنجوێنەوە، سەردانی ناوچە گەشتیارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانیان كردووە.
ئارام شوانی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشت و گوزاری سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تاوەكو ئەمڕۆ كە یەكەم رۆژی جەژنی نەورۆزە، بەشێوەیەكی گشتی لەرێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و چەند بازگەیەكەوە، زیاتر لە (30) هەزار گەشتیار هاتوونەتە خاكی هەرێمی كوردستان و سنووری پارێزگای سلێمانی.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشت و گوزاری سلێمانی دەڵێت، بەپێی ئامارەكان زیاتر لەنیوەی گەشتیاران عەرەبن و لەناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە هاتوون و نیوە كەمتری ئەو رێژەیەش گەشتیارانی كوردی رۆژهەڵات و فارسی ئێرانن، بۆیە پێشبینی دەكرێت هاتنی گەشتیارانی عەرەب و فارس، لەم چەند رۆژەدا زیاتر بێت لەجەژنی نەورۆزی پارساڵ و بەوەش رێژەكە بەرزتر دەبێتەوە.
ساڵانە لەبۆنە جەژنی نەورۆز بەتایبەتی گەشتیارێكی زۆر بیانی عەرەب و ئێرانی سەردانی ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن و كاتەكانی خۆیان لەناو ئارامی سروشتە جوان و دڵگیرەكەی هەرێمی كوردستاندا بەسەر دەبەن.
وشە/ رێبین پێنجوێنی
وشە -
رامیار جەواد