سۆران .. یەكەم رۆژی نەورۆز خۆشی و ناخۆشی بوو

:: PM:10:18:21/03/2017 ‌

بە مەبەستی بەسەر بردنی كاتێكی خۆش، هاووڵاتیان و گەشتیارێكی زۆر روویان لە ناوچە گەشتیاریەكانی دەڤەری سۆران كرد و لە كەشێكی باراناویدا یەكەم رۆژی نەورۆزیان بەڕێ كرد، گووتەبێژی پۆلیسی سۆرانیش دەڵێت، بەهۆی پابەند نەبوون بە رێنمایەكانی هاتوچۆ ڕووداوی هاتوچۆ لە سنووری سۆران تۆمار كراوە.

ئەمڕۆ سێشەم رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەتایبەت رێكخراوەكانی ژینگەی رێنمای ژینگەی و كیسی نایلۆن بەسەر گەشتیارانیان دەڤەری سۆران دابەش كرد، هەژار ماهیر ئێدلبی سەرۆكی رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە بە " وشە "ی راگەیاند، رۆژی یەكەمی جەژن لە ناوچە گەشتیاریەكانی سنووری شارۆكەی ڕەواندز، وەكو رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە  سەدان نامیلكەی ژینگەیی و زەرفی نایلون لە كەشێكی ساردا بەسەر گەشتیاران دابەش كرا.
 
هاوار ئەرگۆشی گووتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران بۆ " وشە " ڕاگەیاند، یەكەم ڕۆژی چەژنی نەورۆز بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران بەپێی ئەو پلانەی دایڕشتبوو سەرجەم ئەفسەر و كارمەندان لە شوێنە گەشتیارییەكان و ناو كۆڵان و گەرەكەكان بڵاوەیان پێكرابوو كە پلانەكە ڕاستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەری پۆلیسی سۆران سەرپەرشتی دەكرا.

گووتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران دەڵێت، لە ناوچەی خلان بیاو سنووری شارەدێی خەلیفان سۆران لە ئەنجامی خێرا لێخورین ئۆتۆمبێل لە لایەن شۆفێرێكی تەمەن 17 ساڵ بەناوی ( ت . ص . ت) خۆی بەكچێكی تەمەن 10 ساڵ بەناوی ( كانی نورالدین خورشید) كە قوتابییەو خەلكی شارۆچكەی سۆرانە دەكێشێت دەسبەجێ گیان لە دەست دەدات، كە بەمەبەستی گەشت و سەیران لە گەڵ خانەوادەكەی ڕۆیشتبوو .

گوتیشی، شۆفێری ناوبراو دەستبەجێ لەلایەن مەفرەزەكانی پۆلیسی خلیفان گیرا دەست بەسەر ئۆتۆمبێلی تاوانبارەكەدا گیراو تەرمی قوربانیەكەش رەوانەی پزیشكی دادی كرا تۆمەتبارەكەش بەپێی بەندی 24 یاسایی هاتوچۆ لە سەر بریاری بەڕێز دادوەر ڕاگیراوە و لێكۆلینەوەی لەگەڵ دەكرێت.

سۆران / موڕشید برادۆستی



وشە - رامیار جەواد