له توێژینه‌وه‌یه‌كی ته‌واو تازه‌گه‌ر له‌باره‌ی رۆڵی "ڤیتامین "D له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قه‌ڵه‌ویدا، گرووپێك له توێژه‌رانی زانستی له به‌ریتانیا، ده‌گه‌ن به ئه‌نجامێكی زۆر گرنگ له داهاتووی چاره‌سه‌ركردنی كیشه‌ی قه‌ڵه‌ویدا. قوتابییه‌كی دكتۆرای كورد له بواری زانسته پزیشكییه‌كاندا به‌شداره و ڕۆڵی به‌رچاوی هه‌بووه له گه‌یشتن به‌و ئه‌نجامه هیوابه‌خشانه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی قه‌ڵه‌وی له دنیادا.
رامیار كه‌مال مامۆستای زانكۆ له كوردستان و پاڵێوراوی به‌رنامه‌ی تواناسازی كه له به‌ریتانیا دكتۆرا ده‌خوێنێت، له سێ ساڵی كاركردن له تاقیگه زانستییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌دا، ده‌گات به‌و ئه‌نجامێكی دڵخۆشكه‌ره كه ره‌نگه له داهاتوو هۆكار بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی قه‌ڵه‌وی كه وه‌ك سه‌ره‌تایه‌كی یه‌كجار گرنگ هه‌ژمار ده‌كرێت له نه‌خۆشییه درێژخایه‌نه‌كانی وه‌ك: شه‌كره، وه‌ستانی لێدانی دڵ و زیادبوونی رێژه‌ی به‌رچاوی هه‌وكردن له سه‌رتاپای له‌شی مرۆڤ.
ئێسته له دنیادا قه‌ڵه‌وی به‌و دوژمنه سه‌رسه‌خته ناسراوه كه به یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی جه‌سته‌ی ناته‌ندروست و تووشبوو به نه‌خۆشییه درێژخایه‌نه‌كان و مردن هه‌ژمار ده‌كرێت. ده‌زگه‌ی ته‌ندروستی نیشتمانی به‌ریتانیا له‌باره‌ی قه‌ڵه‌وی رای ده‌گه‌یه‌نێت: رێژه‌ی قه‌ڵه‌وی له وڵاتانی پێشكه‌وتوو به ئاستێكی به‌رچاو روو له زیادبوونه و به گرفتێكی به‌ربڵاو داده‌نرێت له به‌ریتانیا، كاریگه‌رییه‌كانی تا ئه‌و ئاسته هاتوونه‌ته خه‌مڵاندن كه له كۆی هه‌ر چوار كه‌سێكی رواڵ "هه‌رزه‌كار" یه‌كێكیان قه‌ڵه‌ون و له هه‌ر پێنج منداڵێكی 10 تا 15 ساڵان یه‌كیان قه‌ڵه‌و یاخۆ به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له سه‌رووی كێشی ئاسایین.
قه‌ڵه‌وی كۆمه‌ڵێك كێشه و لێكه‌وتی ترسناك بۆ ته‌ندروستی مرۆڤ دروست ده‌كات كه گرینگ‌ترینیان بریتین له نه‌خۆشییه‌كانی شه‌كره، وه‌ستانی لێدانی دڵ، جه‌ڵته‌ی مێشك، زیادبوونی رێژه‌ی به‌رچاوی هه‌وكردن، شێرپه‌نجه‌ی ڕیخۆڵه و هاوكات هۆكار ده‌بێت له ئاڵۆزكردنی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ژیانی مرۆڤ و ڕه‌نگه له داهاتوودا كه‌سی قه‌ڵه‌و به‌ره‌و هه‌ڵدێری خه‌مۆكی ببات و له دڵته‌نگی به‌رده‌وامدا بیهێڵێته‌وه.
وزه‌ی به‌ده‌ستهاتووی زیاد له پێویستی له‌شی مرۆڤ له ژه‌مه خواردنی چه‌ور و شیرینی و كه‌می یا ئه‌نجامنه‌دانی چالاكی وه‌رزشی به هۆكاره ناسراوه‌كانی كێشه‌ی قه‌ڵه‌وی هه‌ژمار ده‌كرێن.
ئێسته ته‌ندروستی له ژه‌مه خۆراك و كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی كالۆری (وزه‌ی به‌ده‌ستهاتوو) له خواردن و وه‌رزشكردن به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام له چاره‌سه‌ره ئاماژه پێكراوه باوه‌كانن له دنیای ته‌ندروستبوونی مرۆڤ و دژ وه‌ستان له هه‌مبه‌ر كێشه‌ی قه‌ڵه‌وی. به‌ڵام توێژه‌ران له هه‌وڵی به‌رده‌وامدان له ئه‌گه‌ری دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری باشتر و خێراتر یاخۆ رێگریكردن له په‌ره‌سه‌ندن و زیادبوونی رێژه‌ی قه‌ڵه‌وی له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا شانبه‌شانی چاره‌سه‌ره باوه‌كانی قه‌ڵه‌وی.
به‌پێی توێژینه‌وه زانستییه‌كه
ڤیتامین D هۆكاره له رێكخستنی رێژه‌ی كالیسێۆم و فۆسفه‌یت له له‌شی مرۆڤدا، به جۆرێك ئه‌م پێكهاته خۆراكییانه به‌رپرسن له ته‌ندروست مانه‌وه‌ی ئێسك و ددان و ماسولكه‌كان. به‌ركه‌وتنی تیشكی رۆژ به پێست و جه‌سته‌ی مرۆڤ به سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی بزواندن داده‌نرێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی ڤیتامین Dی پێویست به له‌ش. هه‌روه‌ها خوارده‌مه‌نییه‌كانی وه‌ك ماسی و گۆشتی سوور و زه‌ردێنه‌ی هێلكه ده‌كرێت به سه‌رچاوه‌ی گرنگی ڤیتامین D هه‌ژمار بكرێن.
توێژه‌ری سه‌ره‌كیی پڕۆژه زانستییه‌كه دكتۆر كۆردیۆلا ستۆڤیر به هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ دكتۆر جه‌یمس هۆبكریك له زانكۆی هۆڵ، كه خاوه‌نی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له توێژینه‌وه زانستییه‌كانه له بواره جیاوازه‌كانی ته‌ندروستی مرۆڤ و به سه‌ركه‌وتوویی سه‌رپه‌رشتی چه‌ندان قوتابیی دكتۆرا و ماسته‌ری له زانسته پزیشكییه‌كان به ئه‌نجام گه‌یاندووه، ئێسته وه‌ك توێژه‌رێكی شاره‌زا له زانكۆكانی به‌ریتانیا ده‌ناسرێت.
د. ستۆڤیر له‌باره‌ی ئه‌نجامه به‌رچاوه‌كانی تویژینه‌وه زانستییه‌كه بۆ ”وشه" ده‌دوێت و ده‌ڵێ، ”ئێسته توێژینه‌وه‌كان له گرێدانی ڕۆڵی ئه‌رێنی ڤیتامین D له كه‌مكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی قه‌له‌ویدا یه‌كجار سنووردارن، بۆیه خۆمان به به‌خته‌وه‌ر ده‌زانین كه توێژنه‌وه‌كه‌ی ئێمه سه‌ره‌تایه‌ك ده‌بێت بۆ زیاتر وردبوونه‌وه‌ی توێژه‌ران و زانستخوازان له هه‌مبه‌ر ئه‌نجامه‌كان و به‌ستنه‌وه‌یان به نه‌خۆشییه سه‌رده‌مییه‌كانی وه‌ك نه‌خۆشییه‌كانی شه‌كره و دڵ و هه‌وكردن له مرۆڤدا".
لای خۆیه‌وه رامیار كه‌مال قوتابیی كورد له ئاستی دكتۆرا، له‌باره‌ی كاری تاقیگه‌یی و به‌ده‌ستهێنانی ئه‌نجامه‌كان به”وشه"ی راگه‌یاند ”له توێژینه‌وه‌كه‌مان خانه‌ی زیندوو و زینده‌وه‌ری تاقیگه‌یی به‌كار هاتوون، له سه‌ره‌تادا كار له‌سه‌ر خانه زیندووه‌كان كران به فه‌راهه‌مكردنی ژینگه‌یه‌كی هاوشێوه له جه‌سته‌ی كه‌سێكی قه‌ڵه‌و و هاندراو به پاشماوه‌ی به‌كتیری به‌رپرس له به‌رزكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی هه‌وكردن له خانه و جه‌سته‌ی زیندوودا، له پاشان چاره‌سه‌ركردنیان به ڤیتامین D به رێژی گونجاوی هاوشێوه به جه‌سته‌ی زیندوو".
"خۆشبه‌ختانه لێره‌وه ئه‌نجامه‌كان سه‌ریان هه‌ڵدا و گرینگی به‌كارهێنانی ڤیتامین D وه‌ك چاره‌سه‌ری كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی چه‌وری و هه‌وكردن ئاشكرا بوو. هاوشێوه‌ی خانه زیندووه‌كان تاقیكردنه‌وه‌كانمان له‌سه‌ر زینده‌وه‌ری تاقیگه‌یی به ئه‌نجام گه‌یاند، جارێكی تر له گرینگی و رۆڵی ڤیتامین D به‌رز نرخێنرا له چاره‌سه‌ری به‌رزی رێژه‌ی چه‌وری و هه‌وكردن له جه‌سته‌ی زیندوودا" رامیار كه‌مال وای گوت.
ئه‌و كورده كه له به‌ریتانیا له‌سه‌ر توانای حكوومه‌تی كوردستان ده‌خوێنێ، روونی ده‌كاته‌وه ”به شێوه‌یه‌كی گشتی هاووڵاتییان ئێسته به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو خوارده‌مه‌نی ده‌وڵه‌مه‌ند به وزه وه‌ك خۆراكی چه‌ور و شیرینی به‌كار دێنن كه هۆكارن بۆ گرفتی قه‌ڵه‌وی و ده‌رئه‌نجامه خراپه‌كانی له تووشبوون و په‌ره‌سه‌ندنی نه‌خۆشییه كوشنده‌كان، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه ئه‌نجامه‌كانی توێژینه‌وه‌كه‌مان ئه‌وه‌ی خسته ڕوو كه چۆن ڤیتامین D ڕێگر ده‌بێت له قه‌ڵه‌وی و تووشبوون به‌م جۆره نه‌خۆشییه كوشندانه".
له‌باره‌ی روونكردنه‌وه‌ی زیاتر بۆ داهاتووی ئه‌م ئه‌نجامه به‌ده‌ستهاتووانه و هه‌وڵی زیاتر وردبوونه‌وه له ئه‌گه‌ری چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی قه‌ڵه‌وی له مرۆڤدا، رامیار كه‌مال زیاتر بۆ ”وشه" روونی كرده‌وه ”ده‌خوازم كه ئه‌نجامه‌كانی توێژینه‌وه‌كه‌مان سه‌ره‌تایه‌كی گرنگ بێت له هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاووڵاتییان و ده‌رخستنی لایه‌نی باشی ڤیتامین D به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی گرفتی قه‌ڵه‌وی، هه‌روه‌ها له هه‌وڵی ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌ی زیاتر ده‌بین له‌پێناو خزمه‌تكردن به زانسته پزیشكییه‌كان له داهاتوودا".
توێژینه‌وه زانستییه‌كه له كۆنفرانسه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان په‌سند كراوه و له داهاتوویه‌كی نزیكدا له گۆڤاره زانستییه دنیایییه‌كان بڵاو ده‌كرێنه‌وه و ده‌كه‌وێته به‌رده‌ستی زانسخوازان.
به‌ریتانیا- تۆڵه فه‌ره‌ج