شەڕی داعش.. توركیا بەشدار دەبێت و ئەمەریكا پشتی دەگرێ

:: PM:12:26:22/10/2016 ‌

ئەگەرچی بە تەواوی ڕوونی نەكردووەتەوە كە بەشدارییەكە چۆن بێت، بەڵام ئەمەریكا ڕای دەگەیەنێ كە پشتیوانیی بەشداری توركیا دەكات لە شەڕی دژ بە داعش.

ئاشتۆن كارتەر وەزیری بەرگریی ئەمەریكا ڕای گەیاند كە وڵاتەكەی پشتگیری بەشداریكردنی توركیا دەكات لە شەڕی دژ بە داعش، بەڵام لەبارەی ئەو كێشەیەی لە نێوان عێراق و توركیا دروست بووە كە بەغدا نایەوێ بەشداری لە ئازادكردنەوەی مووسڵ بكات، هیچ شتێكی ڕوون لەو وەزیرە ئەمەریكییە باس نەكرا و نازانرێ كە ئەو پشتگیرییە بۆ بەشداریكردنی شەڕە لە خاكی سووریا یان عێراق.

لە دانیشتنەكەی دوێنێی كارتەر لەگەڵ فكری ئیشیك وەزیری بەرگریی توركیا، ئاماژەی بەوەش كرد كە بایەخی ئەنكەرە بە شەڕی داعش شتێكی لۆژیكییە و پشتیوانی ئەو بڕیارەی دەكەین كە دەیەوێ سنوورەكانی خۆی بپارێزێ، هەر وەك چۆن پێشوازی لە بەشداریكردنی دەكەن لە شەڕی دژ بە داعشی تیرۆریست، ڕەنگە جۆرەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر جیاواز بن، بەڵام دەبێ ناكۆكییەكانی نێوانمان وەلا بنێین لەبەر ئەو ئامانجەی كە هەیە.

وەزیری بەرگریی توركیا لە كۆبوونەوەكەی ئەنكەرە دەڵێ: توركیا یەكەم وڵاتە لە دنیادا كە لەژێر هەڕەشەی داعشدا بێت، بۆیە وڵاتی یەكەمیشین كە زۆرترین كاریگەریمان لە جەنگی دژ بە تیرۆر هەیە و ئەو هەنگاوانەی هاویشتوومانن بێ وێنەن.

ئەمە لە كاتێكدایە كە عێراق سوورە لەسەر ئەوەی بەهیچ جۆرێك توركیا بەشداری لە كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی پارێزگای مووسڵ نەكات، بۆیە بەرپرسانی عێراق لە دوێنێوە داوای ڕوونكردنەوە لەسەر قسەكانی وەزری بەرگریی ئەمەریكا دەكەن كە ئایا مەبەستیان لە چییە كە دەڵێن دەبێ توركیا بەشداری شەڕی دژ بە داعش بكات.

لای خۆشییەوە كارتەر لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی "ڕۆیتەرز" ئەوەی خستە ڕوو كە لەسەر خاڵە گشتییەكان ڕێك كەوتوون، لەبارەی ئەوەی توركیا بەشداری بكات شەڕی مووسڵ، دەگەڕێتەوە بۆ حكوومەتی عێراق و دەبێ خۆیان بڕیاری لەسەر بدەن.

پیشتر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی كۆماری توركیا، لە گوتارێكدا ئاماژەی بەوە دا كە ئەوان سنوورێكی درێژیان لەگەڵ داعش هەیە، بۆیە ناكرێ بێ بەشداری لەو كردەوەگەلەدا بن و دەڵێ: مێژوویەكی هاوبەشمان لەگەڵ مووسڵ هەیە، بۆیە ڕۆڵی كاریگەرمان دەبێ لە ئازادكردنەوەی. بە زمانێكی هەڕەشەئامێزیشەوە ڕووی كردە حكوومەتی عێراق و گوتی: بتانەوێ یان نەتانەوێ، ئێمە بەشداری شەڕی مووسڵ دەكەین، بەشداری نەكردنمان دەرئەنجامێكی خراپی بۆ عێراق دەبێ، هەروەها گوتی: رێگە نادەین جارێكی‌ تر شەڕی‌ مەزەوی لە ڕوو بداتەوە.

وەزیری بەرگریی ئەمەریكا، لە وەڵامی پرسیارێكی ئاژانسی "ئاشۆیتید پرێس"ی فڕەنسی دەڵێ: پێویستە عێراقیش ئەوە بزانێ كە توركیا دراوسێیە لەگەڵ شاری مووسڵ و هەست بە دڵەڕاوكێكانی بكات و دڵنیاشم كێشەكەی نێوانیان چارە دەكەن.

ئەمڕۆ شەمووش ئاشتن كارتەر وەزیری بەرگری ئەمەریكا گەیشتە بەغدا و چاوەڕوان دەكرێ نێوەندگیری لە نێوان ئەنكەرە و بەغدا بكات، بۆ ئەوەی گرژییەكانی نێوانیان كۆتایی پێ بێ و بگەنە رێككەوتن.

ئەگەرچی هێزێكی سوپای توركیا لە نزیك بەعشیقەیە، بەڵام تا ئێستە بەشدارییان لە شەڕی ئازادكردنەوەی مووسڵ نەكردووە، بەڵام توركیا بەشدارە كە ئەو هێزە و هێزی تری وڵاتەكەی لەو شەڕە بەشدار دەبن، بۆیە هەر لەو چوارچێوەیەدا، چەند جارێك لێدوانی دژ بەیەك لەلایەن هەردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق و توركیا درا.

هێزەكەی سوپای توركیا كە لە سەربازگەی "زەلكان" لە نزیش شارەدێی "بەعشیقە" جێگیر بوون، بەشدارییان لە كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵ نەكرد ئەمڕۆ، بەڵام بەپێی قسەكانی سەرۆكی توركیا بێت، لە ڕۆژانی داهاتوو چالاكییان دەبێت.

ڕۆژی 17ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی شاری مووسڵی ڕاگەیاند و لە میحوەرەكانی باكوور، ڕۆژهەڵاتی باكور و ڕۆژهەڵات بە سەرپەرشتی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی كوردستان، پێشمەرگە بەشداری لەو شەڕەدا كرد و تا ئێستە بەردەوامە.

لە 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی 60 هەزار چەكداری سوپا و پۆلیسی عێراق، شارەكە كەوتە دەست تیرۆریستان، رۆژی دووشەمیش 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر دوای دوو ساڵ و زیاتر لە چوار مانگ هێرش بۆ رزگاركردنەوەی شارەكە و وەدەرنانی تیرۆریستان دەستی پێ كرد.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.


وشە - كوردۆ شابان