حكوومه‌تی ئوسترالیا بڕیاریدا دووباره ناسنامه‌ی نیشتمانی به 12 هه‌زار په‌نابه‌ری سووریا و عێراق بدات، به‌ڵێنیشی داوه ئه‌و بڕیاره به خێرایی و به‌ر له كۆتایی ئه‌مساڵ جێبه‌جێ بكات.
وه‌زیری كۆچ و پاراستنی سنووره‌كانی ئوسترالیا پیته‌ر دوتۆن ئاشكرای كرد، توانیومانه 12 هه‌زار ڤیزای تایبه‌ت به‌و 12 هه‌زار كۆچبه‌ره ئاماده بكه‌ین، كه له كه‌مپه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نیشته‌جێ كراون و ئێمه‌ش ده‌یانگوازینه‌وه بۆ ئوسترالیا و مافی مانه‌وه‌یان پێ ده‌ده‌ین و دووباره ناسنامه‌ی نیشتمانیان پێ ده‌به‌خشرێن و ده‌بن به هاووڵاتی وڵاته‌كه‌مان.
هه‌روه‌ها گوتی، وه‌رگرتنی ئه‌و 12 هه‌زار په‌نابه‌ره له كاتێكدایه، هه‌موو ساڵێك ئوسترالیا زیاتر له 13 هه‌زار په‌نابه‌ر به شێوه‌یه‌كی نا فه‌رمی دوای گه‌یشتنیان بۆ خاكی وڵاته‌كه، وه‌ریان ده‌گرێ و دووباره ڕه‌گه‌زنامه‌یان پێ ده‌به‌خشێته‌وه.
سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی ئوسترالیا تۆنی ئابۆت له مانگی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2015 ئاشكرای كرد، كه ده‌ست ده‌كه‌ین به به‌خشینی مافی مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی به 12 هه‌زار په‌نابه‌ر له زووترین كاتدا، به‌ڵام دوای هه‌فته‌یه‌ك له ده‌ركردنی ئه‌و بڕیاره ئابۆت پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئوسترالیای بۆ مالكۆلم تۆرنبۆل به‌جێهێشت و بڕیاره‌كه‌ی تا ئێسته دواخرا.
پیته‌ر شێرگولد هه‌ماهه‌نگكاری گشتی بۆ دووباره به‌خشینه‌وه ڕه‌گه‌زنامه به په‌نابه‌ران له نیو ساوس وێلز ڕاگه‌یاند، بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و 12 هه‌زار په‌نابه‌ره پرۆسه‌ی پشكنین و لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد بۆ هه‌ر یه‌كێكیان ئه‌نجام ده‌درێ و پاشان ده‌گه‌یه‌نرێنه ئوسترالیا و مافی مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یییان پێ ده‌درێت.