ئه‌ڵمانیا 11 داوای توركیا بۆ كڕینی چه‌ك ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌

:: PM:01:51:22/03/2017 ‌
ڕۆژنامه‌ی "دویتشه‌ تسایتونج"ی ئه‌ڵمانی بڵاوی كرده‌وه‌، كه‌ حكوومه‌تی به‌رلین له‌ چه‌ند مانگی ڕابردوو 11 داواكاری توركیای ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه‌، تا به‌رلین چه‌كی پێشكه‌وتوو به‌ ئه‌نكه‌ره‌ بفرۆشێ، ئه‌مه‌ش به‌هۆی زیادبوونی پێشێلكارییه‌كانی توركیایه‌ به‌رامبه‌ر به‌ مافه‌كانی مرۆڤ و گرتن و ڕه‌شبگیری له‌و وڵاته‌.

به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامه‌كه‌، وه‌زاره‌تی ئابووری به‌رلین 11 داوای ئه‌نكه‌ره‌ی به‌ فه‌رمی پێگه‌یشتووه‌ تا به‌رلین چه‌كی پێشكه‌وتوو به‌ توركیا بفرۆشێ، به‌ڵام سه‌رجه‌می داواكارییه‌كان ڕه‌ت كراونه‌ته‌وه‌.

ئاماژه‌ی داوه‌، ئه‌و 11 داوایه‌ له‌ مانگی تشرینی دووه‌م/نۆڤێبمه‌ری ساڵی 2016ه‌وه‌ تا ئێسته‌ له‌لایه‌ن ئه‌نكه‌ره‌ له‌ ئه‌ڵمانیا كراوه‌، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌ كه‌ توركیا ده‌یه‌وێ زیاتر خۆی پڕچه‌ك و به‌هێز بكات.

له‌وباره‌وه‌ وه‌زاره‌تی ئابووری ئه‌ڵمانیا ئاماده‌ نه‌بوو هیچ لێدوان و زانیارییه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بڵاو بكاته‌وه‌.

ئه‌ڵمانیا و وڵاتانی ئه‌وروپا به‌ توندی ڕه‌خنه‌ له‌ حكوومه‌تی توركیا ده‌گرن، به‌هۆی ئه‌و هه‌ڵمه‌تی ڕه‌شبگیری و دوورخستنه‌وه‌ی كارمه‌ندان و پۆلیس و سه‌ربازان له‌ ڕێزی داموده‌زگه‌ فه‌رمییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌، به‌ تۆمه‌تی تێوه‌گلانیان له‌ كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ی ته‌مووز/یۆلیۆی 2016، به‌وهۆیه‌وه‌ ناكۆكی زۆر كه‌وتووه‌ته‌ نێوان ئه‌نكه‌ره‌ و وڵاتانی ئه‌وروپا.

سه‌رچاوه‌: سكای نیوز


وشە - باز ئه‌حمه‌د