"قاسم سلێمانی خۆی بۆ سەرۆكایەتی ئێران ئامادە دەكات"

:: PM:07:24:22/03/2017 ‌

گۆڤارێكی ئەمەریكایی دەڵێت كە هێز و دەسترۆیشتوویی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران لە سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتە وای لێ دەكات و وەك خۆیشی ناراستەوخۆ ئاماژەی بۆ كردووە كە ببێتە كاندیدێكی بەهێزی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە لە 2021دا، كە ئەوەش بووەتە مایەی نیگەرانی سەرانی وڵاتانی ناوچەكە. 

بەپێی گۆڤاری "كۆمنتری"ی ئەمەریكایی كە لە راپۆرتێكی خۆیدا باسی گفتوگۆیەكی سلێمانی دەكات لە یەكێك لە كۆبوونەوەكاندا كە لەلایەن میدیاكانی ئێران بە مەبەست تیشكی نەخراوەتە سەر، ئەو باسی چەند بابەتێكی كردووە لەوانە رێكخستنی كارگێڕی لە ئێران، كە ئاماژەن بۆ گرنگی سلێمانی و هێزی قودس لە داهاتووی ئەو وڵاتە.

سەرانی وڵاتانی ناوچەكە لەوە دەترسن كە سلێمانی بچێتە ناو كێبەركێكانی سەرۆكایەتی ئێران و شوێنی حەسەن رەوحانی سەرۆكی میانڕەوی ئێستەش ئەو وڵاتە بگرێتەوە لە 2021، واتە دوای چوار ساڵی تر كە پێ دەچێت پارسەنگی هێزی سیاسی لەو وڵاتە بەلای هێزە تەناهییەكان بشكێتەوە.

قاسم سلێمانی كە بێجگە لە پۆستەكەی وەك فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، بە پلانداڕێژەر و سەركردەی باڵی سەربازی ئێران لە دەرەوەی ئەو وڵاتە دادەنرێت، ئەو قەدەغەی گەشتكردنی لەسەرە، لەو كاتەی سەرپەرشتی جەنگە سەختەكانی شیعە لە سووریا و عێراق دەكات، لەوانە جەنگەكانی حەلەب و تكریت، ئەو سەرپەرشتی گرێبەستەكانی كڕینی چەك بۆ وڵاتەكەی و هاوئاهەنگی سەربازی دەرەكی دەكات، بەدەر لەوە عێراق وەك راوێژكارێكی سەربازی ناساندووە.

سەرچاوە: جۆرناڵ نیوز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل