نزیكەی هەزار ئاوارەی تر گەیشتنە كەمپی نێرگزلی

:: PM:08:53:22/03/2017 ‌

بە لێشاوهاتنی ئاوارەكان بەردەوامە و ئەمڕۆ چوارشەم نزیكەی هەزار ئاوارەی تر گەیشتنە كەمپی نێزگزلی و لەلایەن دەزگەی خێرخوازیی بارزانییەوە پێداویستییان بۆ دابین كرا.

ئەمڕۆ چوارشەم نزیكەی هەزار كەسی تر روویان لە سنورەكانی هەرێمی كوردستان كرد و لە كەمپی نێرگزلی نیشتەجێ كران و لەلایەن تیمەكانی دەزگەی خێرخوازیی بارزانییەوە ناونووس كران، هاوكات ژەمەخواردنی گەرم و پێداویستی ناوماڵ ‌و جلوبەرگیان بەسەردا دابەش كرا.

جێگەی ئاماژەیە كەمپەكانی سنووری ئیدارەی بەغدا شوێن و جێگەیان بۆ ئەو ژمارە زۆری ئاوارەكان نەماوە، هەر ئەمەش بووەتە هۆكار كە ژمارەیەكی ئێجگار زۆری ئاوارە روو لە كەمپەكانی سنووری هەرێمی كوردستان بكەن.

بەهۆی بەردەوامیی جەنگی تیرۆریستانی داعش و ئاڵۆزی و خراپی باری ژیان لە ناوچە تازە ئازادكراوەكاندا، رۆژانە ژمارەیەكی زۆر ئاواری روو لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن، دوێنێش لە یەكەم رۆژی ساڵی نوێی كوردیدا دەزگەی خێرخوازیی بارزانی پێشوازیی لە هاتنی ٢٠٠ ئاوارەی نوێ لە كەمپی نێرگزلی كرد و پێداویستییە سەرەتاییەكانیان بۆ دابین كرا كە هەر خێزانێك خێوەت و دۆشەك و ئامێری گەرمكەرەوەی پێ دەدرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل