دوای زیادبوونی دەنگەكانی داوای ئازادكردنەوەی شارۆكەی حەویجە دەكەن، سەرچاوەیەك لە حەشدی شەعبی نزیكبوونەوەی پڕۆسەی رزگاركردنی شارۆكەی حەویجە لە باشووری رۆژئاوای پارێزگای كەركووك ئاشكرا دەكات، كە بڕیارە مانگی داهاتوو بەبەشداری 17 هەزار شەڕوان لە سوپای عێراق و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی دەست پێ بكات.
ئەمڕۆ چوارشەم سەرچاوەیەك لە راگەیاندنی باڵێكی دیاریكراوی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە نزیك كەركووك بە رۆژنامەوانانی ڕاگەیاندووە كە پڕۆسەی ڕزگاركردنی دیوی چەپی شارۆكەی شەرگات و شارۆكەی حەویجە و دەوروبەری نزیك بووەتەوە و چاوەڕوان دەكرێت لە 20ی مانگی نیسانی داهاتوو بە بەشداریی 17 هەزار چەكداری سوپای عێراق و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵ بە هاوئاهەنگی هێزەكانی هاوپەیمانان ئەنجام بدرێت.
زیاتر گوتی، ئەو هێزانە ئێستە ئامادەن و چاوەڕوانی سعاتی سفر دەكەن، ئەوان بریتین لە فەوجێكی كردەوەگەلی تایبەتی لیوای بەدر و شەش كەتیبەی تانك و بارەگەی تیپی شەشی سەربازی و چوار فەوجی زریپۆش و سێ فەوجی پۆلیسی ئامادەی كەركووك و دوو فەوجی پەرچەكرداری خێرا و هەشت فەوجی حەشدی نشتیمانی و هێزەكانی لیوای یەك و دووی مغاویر و سێ فەوجی ئالیاتی پۆلیسی فیدراڵ و لیوایەكی تۆپخانەی قوڕسی پشتیوانیی هێزەكانی عێراق و هاوپەیمانان.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ڕاگەیاند، كە ڕۆڵی هێزەكانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی، تەنیا پشتیوانیكردنی هێزەكانی هێرشبەرە و بەشدارییان لە ئاست چوار تیپی سەربازیدایە، هەروەها هێزە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانانیش بە چوار پۆلە فڕۆكەی جەنگی بەشدارن و سێ پۆلە كۆپتەری هێزەكانی هاوپەیمانان و فڕۆكەوانیی سوپای عێرق هاوكارییان دەبن.
دواجار گوتی, هەموو ئامادەباشییەك كراوە و تەنیا چاوەڕوانی سعاتی سفری راگەیاندنی دەست پێ كردنی كردەوەگەلن لەلایەن حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراقەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك لە بەیاننامەیەكدا داوای لە حكوومەتی بەغدا كرد كە دەست بە پرۆسەی ئازادكردنەوەی شارۆكەی حەویجە و دەرووبەری بكات و دووپاتیشی كردەوە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئامادەن بۆ بەشداریكردن لەو پرۆسەدا و ئەوان چاوەڕوانی بڕیاری هەریەك لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەن.
داعش لە حوزەیرانی 2014 هێرشەكانی لە عێراق فرەوانتر كرد و توانی چەندان ناوچەی فرەوان داگیر بكات لەوانە شارۆكەی حەویجە و شارەدێكانی دەورووبەری كە تا ئێستەش بەدەست داعشەوەن و بوونەتە سەرچاوەی هەڕەشەی تەناهی بۆ ناوچەكانی دەووبەری و رۆژانەش خەڵكێكی زۆری ئەو ناوچانە ئاوارەی كەركووك دەبن.
كەركووك/ نەبەز ڕۆستەم