رێكس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە میانەی كۆنگرەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە واشنتن رای گەیاند كە ئەمەریكا پاڵەپەستۆكانی بۆسەر هەردوو رێكخراوی تیرۆریستی داعش و قاعیدە زیاتر دەكات و كاریش بۆ دروستكردنی ناوچەی كاتی ئارام بۆ ئاوارەكان دەكات بۆ قۆناغی داهاتوو بۆ یارمەتیدانیان بۆ گەڕانەوە بۆ شوێنی خۆیان.
تیلەرسن ئەمڕۆ چوارشەم لەبەردەم وەزیرانی دەرەوەی 68 وڵاتی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە واشنتن قسەی كرد و ستایشی هێزە شەڕكەرەكانی لەدژی داعش كرد و ئاماژەی بۆ بەشێك لە دەستكەوت و ستراتیجییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە رابردوو و بۆ داهاتووش كرد.
تیلرسن ئاماژەی بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارامی بۆ ئاوارەكانی لە عێراق و سورویا كرد بۆ یارمەتیدانیان بۆ گەڕانەوە بۆ شوێنی خۆیان دوای ئازادكردنەوەی لە داعش، بەڵام ئەو ئاماژەی بۆ شوێنی ئەو ناوچانە نەكرد كە وڵاتەكەی پلان بۆ دامەزراندنیان دادەنێت.
زیاتر گوتی، بۆ لەمەودوا هاوپەیمانان و وڵاتەكەی كار بۆ زیادكردنی پاڵەپەستۆ بۆسەر داعش و قاعیدە دەكەن، هاوكات راشی گەیاند كە كوشتنی ئەبوبەكر بەغدایی سەركردەی داعش تەنیا پێوەستە بە كاتەوە و جەختی لەوەش كردەوە كە ئەو هێرشانەی داعش لە ئەوروپا و توركیا ئەنجامی دان لە رەقە پلانی بۆ دادەڕشتن.
تیلەرسن ئاماژەی كرد كە بڕی دوو ملیار دۆلاری ئەمەریكایی دەبەخشینە ناوچە ئازادكراوەكان لە داعش لە عێراق و سووریا و كاریش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئایدۆلۆجیای داعش دەكەینەوە و پلانیشمان بۆ ئەو كارە هەیە كە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش دەگرێتەوە و دووپاتیشی كردەوە كە رووبەڕووبوونەوەی توندڕۆیی لە مزگەوتەكانەوە دەست پێ دەكات.
ئەمڕۆ چوارشەم وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لە عێراق و سووریا لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریكا كۆبوونەوە و تاوتوێی هەنگاوەكانی داهاتووی هاوپەیمانیەتییەكە بۆ تێكشكاندنی داعش و كۆتاییهێنان بەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە دەكەن.
فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم وەك نوێنەری هەرێمی كوردستان لە پاڵ شاندی عێراق لەو كۆنگرە نێودەوڵەتییەدا بەشدارە و وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا خۆشحاڵی خۆی بە بەشداریكردنی نوێنەری مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەو كۆنگرەدا دەربڕی.
كۆبوونەوەكە بە بەشداری وەزیرانی دەرەوەی 68 وڵاتی ئەندام لە هاوپەیمانیەتییەكە ئەنجام دەدرێ و بە وردی هەنگاوەكانی داهاتووی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق و سووریا دەخرێتە بەر باس و چڕكردنەوەی هەوڵەكانیش بۆ لەناوبردنی زووتر و یەكجارەكی تیرۆریستان تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە دەبێ.
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق و سووریا لە مانگی ئەیلوول/سێپتێمبەری 2014 هەوڵەكان بۆ دامەزراندنی دەستیان پێ كرد و دوای چەند كۆبوونەوەیەكیان بە بەشداری 68 وڵات هاوپەیمانیەتییەكە پێكهێنرا و ئەركیان دابین كردنی پشتیوانی ئاسمانییە لە ڕێی فڕۆكە جەنگییەكان بۆ هێزەكانی سەر زەوی كە دژی داعش دەجەنگن، هاوكات كۆمەكی مرۆیی بۆ ئاوارەكان و مەشق و ڕاهێنان كردن بە هێزەكان و پێدانی چەك و كەلوپەلی سەربازی ئامانجەكانی ئەو هاوپەیمانیەتییەن كە تا ئێستەش بەردەوامی هەیە و ڕووبەڕووی تیرۆریستان دەبنەوە.