مەكگۆرك هەڵوێستی ئۆباما لەسەر پێشمەرگە ئاشكرا دەكات

:: PM:01:01:22/10/2016 ‌

سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا، دووپاتیان لە پێشڕەوییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردەوە.

ماڵپەڕی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ شەموو لە سەڵاحەدین، مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ برێت مەكگورك نێردەی تایبەتی باراك ئۆباما سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش و شاندێكی یاوەری كۆ بووەوە و لە دیدارەكەدا نێردەی تایبەتی ئۆباما، وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی ستراتیژیی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی، سوپاس و پێزانینی ئەمەریكای بۆ قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە و سەركردایەتیكردنی شەڕ و دەستپێشخەرییەكانی بارزانی دووپات كردەوە و ئەوەیشی بە بارزانی ڕاگەیاند، ئۆباما دووپاتی لە پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و پشتیوانیكردنی سەربازیی سوپای ئەمەریكا بۆ هێزی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش كردووەتەوە.

هەر لەم دیدارەدا باس لە قۆناغەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ كرا و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی تیرۆریستان لە پارێزگای نەینەوا تاوتوێ كرا.

وەك لە هەواڵەكەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە و هەروەها پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.


وشە - كوردۆ شابان