هەولێر چەند چالاکییەکى شانۆیی لەخۆدەگرێت

:: AM:11:36:23/03/2017 ‌

ساڵانە بەبۆنەى ڕۆژى جیهانى شانۆ هونەرمەند و شانۆکاران لەگشت وڵاتانى جیهان ئامادەکارى دەکەن بۆ ڕۆژى جیهانی شانۆ و چەند چالاکییەکى شانۆیی و هونەرى نمایش دەکەن، شانۆکار و هونەرمەندانى کوردستانیش چالاکى هاوشێوە ساز دەکەن.

هونەرمەند هیوا سوعاد بەڕێوە‌بەرى شانۆى هەولێر بە "وشە"ى راگەیاند: بەبۆنەى رۆژى جیهانى شانۆ لە رێککەوتى 27ى ئازارى 2017 بەڕێوەبەرایەتى هونەرى شانۆى هەولێر بە هاوکارى بەشى شانۆى پەیمانگەى هونەرە جوانەکانى هەولێر ئامادەکارى بۆ چەند چالاکییەکى شانۆیی کردووە و یادى ڕۆژى جیهانى شانۆ بەرز رادەگرێت، بەو بۆنەوە لە سەعات 10:30 خوولەکى بەیانى ڕۆژى دووشەم 27ى ئازار، لەهۆڵى بەرێوەبەرایەتى هونەرى شانۆى هەولێرى پڕۆگرامەکانى ڕۆژى جیهانى شانۆ دەست پێدەکات.

چالاکییەکان بریتین لە داگیرسانى مۆم و پیرۆزکردنى ڕۆژى جیهانى شانۆ لەلایەن شانۆکاران، وتارى ڕۆژى جیهانى شانۆ، وتارى وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان، وتارى بەڕێوەبەرایەتى هونەرى شانۆى هەولێر،  تەمەنێک لەبەخشش و هەڵدانەوەى چەند لاپەڕەیەک کە هاوکاتە لەگەڵ چلەى شانۆکارى کۆچ کردوو تەها ئاغا جان، هەروەها مۆنۆدراماى من و مار نمایش دەکرێت لە نواندنى هێمن حەمە ڕەشید و بیرۆکەى دارا حەمەدەمین و نوسینى کارخان کاروان و دەرهێنانى هۆگر ئەحمەد.

سەعات 3:30 خولەکى ئێوارەى هەمان رۆژ، لەپەیمانگەى هونەرە جوانەکانى هەولێر پێشوازى لەشانۆکاران و میوانانى نمایشى جلوبەرگى یۆنانى و رۆمانى و میسرى دەکرێت بەپێی سەردەمە جیاوازەکان لەئامادەکردنى سامان عومەر، دواتر شانۆیی میدیا لە دەرهێنانى شانۆکار محەمەد جەمیل نمایش دەکرێت کە بەرهەمى بەڕێوەبەرایەتى شانۆى هەولێر و پەیمانگەى هونەرە جوانەکانى هەولێرە . 

ڕۆژى چوارشەم بەهاوکارى بەڕێوەبەڕایەتیی هونەرى هەولێر، تیپى شانۆى پیرەمەگرون لەهۆڵى بەرێوەبەڕایەتییەکە شانۆی پەیکەرى ئاڵتونى نمایش دەکات لە نوسین و دەرهێنان و نواندنى ئومێد کەمال و یاریدەدەرى دەرهێنەر جەلال محەمەد بەهاوکارى فەرەیدون بەکر و ئاسۆ محەمەد.

هەولێر-شاخەوان شێخانى



وشە - ڕێبین فه‌تاح