راگرتنى پەخشى کەناڵە ناوخۆییەکان زیانى بە دوکانداران گەیاندووە

:: PM:12:08:23/03/2017 ‌

 
پەخشى کەناڵە ناوخییەکان لە هەموو ئامێرەکانى ناو بازاڕ دەوەستێت و ئامێرێکى تر لە لایەن کۆمپانیاى میکس میدیا دەکەوێتە بازاڕەوە و دوکانەکانى فرۆشتنى ئامێرەکانى تر بەهۆیەوە زەرەرێکى زۆر دەکەن.
 
ئەو ئامێرانەى کە کەناڵە ناوخۆییەکان پەخش دەکەن رادەگیرێت و کەناڵەکان لۆک دەکرێن و ئامێرێکى تر کە بە 95 هەزار دینارە دەخرێتە بازاڕەوە و هاووڵاتیانیش ناڕازین لە زۆرى نرخى ئەو ئامێرە و فرۆشیارێکى ئامێرەکان دەڵێت، ئامێرێکى زۆرمان ماوەتەوە و سەرجەمیان بەزەرەر و نرخێکى کەم دەفرۆشن، بەڵام هاوڵاتیان چیتر ئەو ئامێرانە ناکڕن.
 
نرخى ئەو ئامێرانەى کە کەناڵە ناوخۆییەکان پەخش دەکات بە 20 هەزار دینارە، بەڵام بەهۆى زۆرى نرخى ئامێرە نوێیەکە، هاووڵاتیان ناتوانن ئەو ئامێرە نوێیە بکڕن، هاوکار حوسێن، خاوەن دوکانێکى فرۆشتنى ئامێرى کەناڵە ناوخۆییەکان بە "وشە"ى ڕاگەیاند، بڕێکى زۆر ئامێرى کەناڵە ناوخۆییەکانیان هێناوە، بەڵام لەوەتەى بڕیارى ڕاگرتنى ئەو ئامێرانە هاتووە، تەنیا کەمتر لە 10 ئامێریان فرۆشتووە، کە پێدەچێت ئەو کەسانەش ئامێرەکەیان نەکڕیوە نەیانزانی بێت.
 
ئەو دەڵێ، "ئەو ئامێرانەى ئەو کەناڵە ناوخۆیانە پەخش دەکات، نرخەکەى زۆر هەزرانە و هاووڵاتى دەتوانێت بیکڕێت، بەڵام ئامێرە نوێیەکە گرانە و لە دۆخێکى لەو شێوەیە هاووڵاتیان ناتوانین بڕى 95 هەزار دینار بدەن، ئێمەش تا ئێستە ئامێرە نوێیەکەمان نەهێناوە، چونکە دڵنیاین لەوەى کە هاووڵاتى نایکڕێت".
 
باسى لەوەش کرد، چونکە ئامێرە نوێیەکە دەخرێتە بازاڕەوە، کەناڵەکان لە ئامێرەکانى تر ڕادەگیرێت، بەهۆیەوە زەرەرێکى زۆر دەکەن لەو ئامێرانەى کە پێشتر هێناویانە، چونکە چیتر نافرۆشرێن و هاووڵاتیان نایانکڕن.
 
سۆران حاجى ڕەحیم یەکێک لەو فرۆشیارانەى لە شارى سلێمانى ئامێرى پەخشى کەناڵە ناوخۆییەکان بە کۆمەڵ دەفرۆشێت، بۆ "وشە"ى روونکردەوە، "لەوەتەى ئامێرى میکس میدیا کەوتووەتە بازاڕەوە، بازاڕى ئامێرەکانى تر نەماوە، چونکە کەس نایکڕێت، هاووڵاتى دەزانێت کە پەخشى کەناڵە ناوخۆییەکان لە ئامێرەکانى تر نامێنێت، ئەوەش هۆکارە بۆ نەمانى بازاڕى ئەو ئامێرانە".
 
ئەوەشى خستەڕوو، پێش ئەوەى بڕیارى هاتنى میکس میدیا بدرێت، ڕۆژانە تەنیا لە دوکان زیاتر لە 20 ئامێرى کەناڵە ناوخۆیەکانیان فرۆشتووە، "بەڵام زیاتر لە یەک هەفتەش دەبێت، 10 ئامێرمان نەفرۆشتووە، بازاڕى ئەو ئامێرانە نەماوە، لەگەڵ ئەوەش پارەى ئەو ئامێرە نوێیە زۆرە و تەنانەت ئێمە ناتوانین بهێنن، چونکە دڵنیاین لەوەى هاووڵاتى نایکڕێت".
 
 
لاى خۆیەوە، فەرهاد تۆفیق، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى بە"وشە"ى ڕاگەیاند، بابەتى ڕاگرتنى پەخشى کەناڵە ناوخۆییەکان لە ئامێرەکانى تر لەگەڵ ئەنجوومەنى پارێزگاى هەولێر باس کراوە، لە کاتێکدا ئەو بابەتە تەنیا بۆ هەولێر نییە و هەر سێ پارێزگاکە دەگرێتەوە.
 
ئەوەشى گوت، "ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى لەسەر ئاستى پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتى گشتى ئیش دەکات، بەڵام ئەگەر بڕیارەکە دەرچوو، گەیشتە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى، ئەنجوومەن لە کۆبوونەوەى خۆیدا گفتوگۆى لەسەر دەکات و لایەنە باش و خراپەکانى تاوتوێ دەکات".
 
ئەو ئەندامەى ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى دەڵێ، "لەدۆخێکى خراپى دارایى، قورس کردنى ئەرکى سەرشانى هاووڵاتیان کارێکى باش نییە، بەڵام ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى دەتوانێت بە پێى مادەى شەش لە پەیڕەوى ناوخۆ، کە باس لەوە دەکات ئەنجوومەنى پارێزگاکان دەتوانن هەر پرۆژەیەک لە وەزارتەکانەوە بێت ڕایبگرن، ئەنجوومەنیش لەو حاڵەتەدا دەتوانێت بە دەنگى دوو لەسەر سێى ئەندامانى ئەو پرۆژەیە ڕابگرێت".

سلێمانى-هۆشیار عەلى



وشە - ڕێبین فه‌تاح