دیلانار گۆرانییە نوێیەکەى بڵاو کردەوە

:: PM:12:25:23/03/2017 ‌

کچە گۆرانیبێژى کورد دیلانار یەڵدز، پاش تەواوکردنى کارەکانى کلیپ کردن، گۆرانییەکى نوێى بۆ کوردستان بڵاوکردەوە.

دەرهێنەر کاروان میسکى کە کارى دەرهێنانى بۆ نوێترین کلیپى دیلانار کردووە بە "وشە"ى راگەیاند، کوردستان ناوی نوێترین گۆرانى خانمە گۆرانیبێژ دیلانار یەڵدزە و ئەمڕۆ بڵاومان کردووەتەوە.

روونى کردەوە، ئەو بەرهەمە لەشارى دهۆک لەسروشتێکى جوان کارى کلیپى بۆ کراوە و یەکێکە لە گۆرانییەکانى هونەرمەندى ناسراوى کورد ئەردەوان زاخۆیی و پێشتر بەدەنگى ناوبراو تۆمارکراوە، دووبارە لەستۆدیۆى دەنگ و ڕەنگ بەزاراوەى بادینى تۆمار کراوە و لەتێکستى حیکمەت مەلا یاسین و لەمیلۆى عیماد ئاکرەییە و ئەرەنجى و میکس و ماسترینگ عیماد عەلییە.

گوتیشى، "هەریەک لە میوزیکژەنانى کورد ئومێد باڵەبان بەئامێرى میوزیکى نەى و زانا ئەنوەر بەقانون و عود عیماد عەلى و ڤۆکاڵ رێبین جەمال و فواد عەلى و عیماد عەلى بەشدارن تێیدا ، هێرش بەروارى کارى کامێرەمانى بۆ کردووە ، بەیەک رۆژ کارى کلیپمان بۆ کردووەو هیوادارین بەدڵى هەموو لایەک بێت".

لینکى گۆرانییەکە:
https://www.youtube.com/watch?v=bpci2NYRIkw&feature=youtu.be

هەولێر-شاخەوان شێخانى



وشە - ڕێبین فه‌تاح