کەرکووک لە کارەباى 24 سەعاتى نزیک دەبێتەوە

:: PM:01:24:23/03/2017 ‌

سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیى دابەش کردنى کارەباى کەرکووک زیادکردنى سەعاتەکانى پێدانى کارەباى نشتیمانی ئاشکرا دەکات و پێشبینیى ئەوە دەکات لە سەرەتاى مانگى داهاتووەوە (24) سەعات کارەبا هەبێت و بە چرکە پەنا بۆ بڕینى کارەبا نەبەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 23ى ئادار ئەندازیار دانیال عەبدوڵڵا هەمەوەندى گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیى دابەش کردنى کارەباى کەرکووک بە "وشە"ى ڕاگەیاند، بەهۆى ئەو هەڵمەتە فرەوانەى مەفرەزەکانى چاککردنەوەى تۆڕەکانى کارەبا و محەویلەى گەڕەکەکان لە مانگى ئادار ئەنجامیان داوە، سەعاتەکانى پێدانى کارەباى نیشتمانى بەرەو هەڵکشان دەچێت و لە کاتى ئێستەدا تێکڕاى ڕۆژانەى سەعاتەکان (22 - 23) سەعاتە و پێشبینى دەکەن پاش نەمانى ئەو شەپۆڵە سەرمایەى چەند ڕۆژێکە ڕووى لە ناوچەکە کردووە، لە شەوورۆژێکدا (24) سەعات کارەبا هەبێت.

زیاتر دەڵێ، "کێشەى سەرەکى ئێمە لە گەڕەکە تازەکانى شۆراو و گورگەچاڵ و سێکانیانە، کە بە هۆى زۆریى بەشداربووان و کەمیى ژمارەى محەویلەکان، بارگرانییەکى زۆر دەکەوێتە سەر تۆڕەکانى کارەبا و هاووڵاتیانیش ڕەچاوى دەست گرتن بە کارەباوە ناکەن و چ ئامێرێکى کارەباى تەزوو بەرز هەیە بۆ خۆگەرم کردنەوە بەکاری دێنن و محەویلەکان دەسووتێن". 

روونى کردەوە، "لە گەڕەکەکانى ناو شاریش بۆ نموونە شۆڕیجە و گەڕەکى حوڕییە هەمان کێشەمان هەیە، و تێکڕاى ڕۆژانەى پێدانى کارەبایان دەگاتە نزیکەى (12) سەعات، لە سەرەتاى مانگى داهاتوودا لەو گەڕەکانەش سەعاتەکانى پێدانى کارەبا زیاد دەکات و ڕەنگە بگاتە (14 - 16) سەعات لە شەو و ڕۆژێکدا".

هەمەوەندى ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، شارى کەرکووک بۆ ئەوەى ڕۆژانە 24 سەعات کارەباى بەردەوامى هەبێت پێویستى بە (1150) مێگاواتە، بەڵام لەبەرئەوەى ئەو بڕە کارەبایەى پێیان دەگات تەنیا (810) مێگایە و نزیکەى 500 هەزار ئاوارەش ڕووى لە شارەکە کردووە، ئەوانیش ڕۆژانە (100) مێگاوات بەکاردەبەن، بۆیە لە وەرزی زستاندا نەیانتوانیوە ژمارەى سەعاتەکانى پێدانى کارەبا زیاد بکەین.
 
هەمەوەندى دەڵێ، "مژدە دەدەمە خەڵکى کەرکووک کە لە سەرەتاى مانگى نیسانەوە ڕۆژانە (24) کارەبایان دەبێت و موەلیدە ئەهلییەکانیش دەحەسێنەوە".


کەرکووک -نەبەز ڕۆستەم  



وشە - ڕێبین فه‌تاح