زیاتر لە 200 کەس لە مووسڵ کوژران

:: PM:01:41:23/03/2017 ‌


بەهۆى بۆردمانى فڕۆکە جەنگییەکانەوە زیاتر لە 200 کەس کە لە ناویاندا ژن و منداڵ هەیە کوژران و پێکدادان لە بەرى راستى مووسڵ قورس بووە.

سەرچاوەیەکى ئاگەدار لە هێزەکانى سوپاى عێراق لە چوارچێوەى ئۆپەراسیۆنى ئازادکردنى مووسڵ بە "وشە"ى راگەیاند، لە ئەنجامى بۆردمانى فڕۆکە جەنگییەکان کە سێ خانووى گەڕەکێکى مووسڵیان کردووەتە ئامانج، سەرووى 200 کەس کوژران و لەناویشاندا ژن و منداڵ هەیە.

روونى کردەوە، کوژرانى ئەو کەسانە لەکاتێکدا بووە کە فڕۆکە جەنگییەکان بۆردمانى سێ خانوویان کردووە کە چەکدارانى داعش پەنایان بۆ بردوون، بەڵام لە ژێر زەمینى خانووەکاندا هاووڵاتیانى مەدەنى خۆیان حەشاردەوە و بەو هۆیەوە رووداوەکە قوربانى گەورەى لێکەوتووەتەوە کە جگە لە کوژرانى چەکدارانى داعش، ژمارەیەکى زۆر لە هاووڵاتیانى مەدەنى بوونەتە قوربانى.

سەرچاوەکە دووپاتى کردەوە، "شەڕ و پێکدادانەکان لەبەرى دەستە راستى مووسڵ زۆر قورس بوون و گەڕەک و خانووەکان وێران بوون، بەهۆى بەرتەسکى گەڕەکەکانەوە رووبەڕووبوونەوە ئەستەم بووە، بەڵام چەکدارانى داعش روو لە شکستى یەکجارەکین".

لاى خۆیەوە رائید ئەمین شێخانى گوتەبێژى لیواى 91ى سوپاى عێراق بە "وشە"ى راگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژ بە داعش بەردەوامن لە بۆردمان کردنى بنکە و مۆڵگەکانى تیرۆریستانى داعش و لەو چوارچێوەیەشدا شەوى رابردوو، بۆردمانى چەند مۆڵگەى داعشیان کردووە.

ئاشکراى کرد، مۆڵگەکانى داعش لە گوندەکانى هیجەر، زدیرە، شێخ حەمد و جومەیلیانى سەر بە شارۆکەى شەرگات کراونەتە ئامانجى بۆردمانى فڕۆکە جەنگییەکان و لانى کەم 14 تیرۆریستى داعش لەو هەڵمەته‌دا کوژراون.




وشە - ڕێبین فه‌تاح