ورده‌كارییه‌كانی په‌لهاوێشتنی په‌كه‌كه‌ له‌ پارچه‌كانی كوردستاندا

:: PM:01:59:23/03/2017 ‌


پارتی کرێکارانی کوردستان وەک حزبێکی چەپی مارکسی –لینینی، بە دوا حزبی شیوعیەتی سەردەمی سۆڤیەت دادەنرێ کە لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندیی کۆمۆنیزم کار دەکات، ئەو حزبە لە پرسی کورد بەشێوەیەکی دووفاقییانە کار دەکات و ڕێگە بە بوونی حزبی تر لە ڕۆژئاوای کوردستان نادات کە لە ژێر دەستی پەیەدەی سەر بەو حزبەدایە، بەڵام خۆی لق و پۆپ و حزب و دەیان گرووپ و ڕێکخراوی جیاجیای لە بەشەکانی تری کوردستان هەیە، ئامانجی سەرەکیشی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتە بەبێ بوونی دەوڵەتی نەتەوەیی. 

ئەم حزبانەی لە خوارەوە ئاماژەیان پێ کراوە، لە نێو دەیان ئینسایکلۆپیدیای سیاسی و دەیان حکوومەتی وڵاتانی دنیا، وەک بەشیک لە پەکەکە هەژمار کراون. ئەمانەش بەڵگەن کە پەکەکە بە ویستی خۆی حزب و ڕێکخراو و گرووپ لە بەشەکانی تری کوردستان دروست دەکات و چالاکییان پێ ئەنجام دەدات، بەڵام بۆ هیچ حزبێکی تر نییە لە پارچەکانی تر حزب دروست بکات و لە شوێنی جیۆگرافیای خۆیان کاری سیاسی و خەباتی خۆیان بکەن.

پەکەکە و شوناس و دامەزراندن
پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" لەلایەن عەبدوڵا ئۆجەلان و کۆمەڵێک قوتابیی مارکسی-لینینی لە 27 تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری 1978، لە شاری ئامەد بڕیاری دامەزراندنی درا، بەشێوەی نهێنی سەرەتا کاریان کردووە و ئایدیۆلۆژیای فەرمیی پەکەکە مارکسی لینینی ئەوپەڕی چەپە، لە ساڵی 1984 دەستی بە خەباتی چەکداری دژی بە حکوومەتەکانی تورکیا کردووە، لە ساڵی 1981 یەکەم کۆنگرەی ئەو حزبە لە سووریا لە ماوەی نێوان 15 تا 25ی حوزەیران/یۆلیۆ بە بەشداری 60 ئەندام ئەنجام دراوە و دوای کودەتاکەی ساڵی 1980 لە تورکیا، ئۆجەلان باکوری کوردستانی جێ هێشتووە و لە دیمەشق نیشتەجێ بووە. 



لەو کەمپە سەربازییانەی لە سووریا بۆ مەشقی هێزەکانی فەلەستین دامەزرێنرابوو، چەکدارانی پەکەکەش مەشقیان پێ دەکرا و بەشێکیشیان لەوێوە بەناوی فەلەستینییەکان رەوانەی ئەوروپا دەکران بۆ ئەوەی بخوێنن و خۆیان پێ بگەیەنن. دوای دەست پێکردنی شەڕی چەکداری لە 1984 و ئەنجامدانی یەکەم کردە لە شاری هەکاری، شەڕ و پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی تورکیا بەردەوامی هەبوو. تورکیا لە 1987 "حاڵەتی لەناکاوی" ڕاگەیاند، دوای ئەوەی پەکەکە دەستی بە هەڵمەتێکی فرەوانی هێرشکردنە سەر گوندەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا کرد. وەک ویکپیدیا دەڵێ، ئەو هەڵمەتە بە هاوکاری سووریا و لبنان و یۆنان و ڕووسیا ئەنجام دراون.

لە مانگی شوبات/فێبرایەری 1999، عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆکی پەکەکە لەلایەن تورکیاوە لە کینیا گیرا و هێنرایەوە تورکیا و سەرەتا حوکمی لەداردان و دواتریش حوکمەکەی بۆ گرتنی هەتاهەتایی گۆڕا، دوای ئەو رووداوە، پەکەکە لە خەباتی چەکداری بەردەوام بوو و هێزی پاراستنی گەل و هێزی یەجەستار لە چوارچێوەی کۆما جڤاکێن کوردستان کۆ کرانەوە و شەڕ دژی تورکیا بەردەوامی هەبوو.
پەکەکە لق و حزبی تری جگەلە باکوری کوردستان، لە سێ بەشەکەی تری کوردستانیشدا دامەزراندووە، بەڵام ئەو حزبانەی سەربە پەکەکەن، هیچیان لەگەڵ حزبەکانی پارچەکانی تر کۆک و هاوڕا نین، بەڵکو بەردەوام دژایەتیی هەیە و لە نێوان پارتی و پەکەکە و یەکێتی و پەکەکەش لە ساڵانی 1990دا، شەڕ لە نێوانیان ڕووی داوە، هاوکات لە ساڵی 2015 لە کێلەشینی سنووری عێراق-ئێران، ڕێگری لە پێشمەرگەی حزبەکانی ڕۆژهەڵات کرد و لە دوای ئاڵۆزییەکانی سووریاش، ڕۆژئاوای کوردستانی کۆنتڕۆڵ کردووە و ڕێگە بە هیچ حزبێکی تری کوردی نادات چالاکی و جموجۆڵ بکەن و خەباتی سیاسی و مەدەنی بگرنەبەر.

دوای گرتنی ئۆجەلان و جەنگی درێژخایەن تا 2005 لە نێوان پەکەکە و تورکیا، لە 2005 پەکەکە، کۆما جڤاکێن کوردستانی دروست کرد، جگەلەوەی بەشێکە لە پەکەکە لە باکوری کوردستان، هاوکات وەک ئەنجوومەنێکیش کە نوێنەرانی حزبەکانی تری پەکەکەی لە پارچەکانی تری کوردستان تێدایە، کەجەکە لە 31 ئەندام پێک دێ، چەترێکە و هەموو حزبەکانی تر کە لەسەر ڕەوتی پەکەکە و بیری ئۆجەلانن، لەلایەن ئەو ئەنجوومەنەوە ئاراستە دەکرێن.

حزبەکانی پەکەکە لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان
یەکەم: باکوری کوردستان
شوێنی یەکەمی دامەزراندنی پەکەکە باکوری کوردستان و شاری ئامەد بووە، واتە سروشتی دروستبوونی ئەو حزبە باکوری کوردستانە، بەڵام دوای گرتنی عەبدوڵا ئۆجەلان، چەندان لق و رێکخراو و حزبی تری سەربە پەکەکە لە باکوری کوردستان دامەزران و هەریەکەیان بە شێوازی جیا کاریان کردووە، بەڵام لە کۆتادا هەمووان پێوەست و پابەند بوون بە سەرکردایەتیی پەکەکەوە. 



"تەیرێن ئازادیا کوردستان" گرووپێکی چەکداری سەربە پەکەکە و لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی تورکیا دژی سیاسەتەکانی حکوومەتی ئەنکەرە دەجەنگن، بە ئاشکرا وەک بەشێک لە پەکەکە دەرناکەون، بەڵام سەرکردە و ئەندامەکانی پێشتر لەناو پەکەکەدا پۆست و پێگەی باڵایان هەبووە و دژی پەکەکە وەستاونەتەوە لەکاتی گفتوگۆی چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد لەگەڵ تورکیا بە ڕێگەیەکی ئاشتی. 

ئەم گرووپە لە سەرەتاکانی ئاب/ئۆگستسی 2004 دامەزراوە و باوەڕی بە کردەی تەقینەوە و کوشتن و بڕین و خۆتەقاندنەوە هەیە و لەلایەن زۆر لە سەنتەرەکانی لیکۆڵینەوە و ئینسایکلۆپیدیاکانی سیاسەت لە دنیا، بە گرووپێکی تێکدەر و "تیرۆریست" ناو دەبرێ. پێشتر چەندان هێرشی کردووەتە سەر هۆتێلەکانی ئیستانبوڵ و ئەنکەرە و شوێنە گەشتیارییەکانی سەر دەریای ناوەڕاست. لە مانگی شوبات/فێبرایەری 2016شدا تەیرێن ئازادیا کوردستان بەپرسیاریەتی خۆی لە تەقینەوەکەی ئەنکەرە و دواتریش تەقینەوەکەی مانگی ئاداری هەمان ساڵ ڕاگەیاند. لە کۆتا ڕۆژی ساڵی 2016، کردەیەکی توندوتیژی لە ئیستەنبوڵ ئەنجام دا کە بووە هۆی کوشتنی 47 کەس. بەگوێرەی فرانس 24، چەکدارانی ئەو گرووپە بە نهێنی لەلایەن پەکەکەوە مەشقیان پێ دەکرێ و چەکدار دەکرێن، هاوکات بەشێک لە میدیاکان باس لەوە دەکەن، کە باهۆز ئەرداڵ ئەندامی کۆنسەی کەجەکە سەرکردەی ئەو گرووپەیە.

"مەلەکەپ" حزبی کۆمەڵی مارکسی لینینی تورکیا، لە ساڵی 1994 لەلایەن پەکەکەوە دامەزراوە و زۆربەی کەسە توندڕۆکانی کۆمۆنیزمی نێو پەکەکە، لەو حزبە کۆ کراونەتەوە و کار دەکەن. هاوکات پارتی کۆمۆنیستی کوردستان لە تورکیا لە ساڵی 1982 لەلایەن ئەو حزبەوە لە باکوری کوردستان دامەزراوە.

"هەدەپە" ئەگەرچی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" لە 2012 وەک پارتێکی مەدەنی کە نوێنەرایەتی گەلانی تورکیا بۆ دیموکراتی دەکات، دامەزررا، بەڵام باڵێکی بەهێزی ناو ئەو حزبە بەتوندی لەگەڵ پەکەکەدان و لەلایەن پەکەکەوە ئاراستە دەکرێن، هەر ئەو باڵە بوون ڕێگەیان نەدا ساڵی 2015 لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا کە هەدەپە 80 کورسیی بەدەست هێنا، بەشداری حکوومەت ببێ و خەباتی سیاسی و مەدەنی لە وڵاتەکە جێبەجێ بکات، پاشان پرۆسەی چارەسەری لە باکور تێک درا و ئاگربەست شکێنرا و شەڕ و پێکدادان لە نێوان پەکەکە و تورکیا دەستی پێ کردەوە.

"تەڤگەرا جوانێن وڵاتپارێز و شۆڕشگێڕ" ئەو ڕێکخراوە لە کۆمەڵێک گەنجی باکوری کوردستان پێک هێنرا کە سۆز و نزیکایەتییان لەگەڵ پەکەکە هەبوو، لە ساڵی 2013 بە فەرمی خۆیان ڕاگەیاند، لە ناوچەی جزیرێ و شڕناخ ئامادەییەکی زۆریان هەیە و لە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەکان هاتوونەتە پاڵ هێزەکانی پاراستنی گەل "هەپەگە" کە باڵی چەکداری پەکەکەن.

"یەپەسە" یەکینەکانی پاراستنی سڤیل، بەشێکی زۆر لە ئەندامانی تەڤگەرا جوانێن وڵاتپارێز و شۆڕشگێڕی سەربە پەکەکە کە باوەڕیان بە خەباتی مەدەنی نەبوو، لە هێزێکدا کۆکرانەوە بەناوی یەکینەکانی پاراستنی سڤیل و لەناو باکوری کوردستان کار دەکەن و دژی حکوومەتی تورکیا دەجەنگن. لە 20 کانوونی یەکەم/دیسێمبەری 2015 دوای شکاندنی ئاگربەست و دەست پێکردنەوەی شەڕ لە نێوان تورکیا و پەکەکە، بە فەرمی خۆیان ڕاگەیاند.

دووەم: ڕۆژهەڵاتی کوردستان
پارتی کرێکارانی کوردستان دوای جێگیربوونی لە چیای قەندیل کە سێکوچکەی نێوان عێراق و ئێران و تورکیایە، جگەلە بەردەوامیدان بە شەڕ دژی تورکیا، هەوڵی دامەزراندنی گرووپ و حزب و ڕێکخراوی وەک لقی خۆی لە پارچەکانی تری کوردستان دا. بۆ ئەو مەبەستە ساڵی 2004 پارتی ژیانی ئازادی کوردستان "پەژاک"ی دامەزراند، دوو هێزی چەکداریش بەناوی یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێزی پاراستنی ژنان، سەربە ئەو حزبە دروست کرد کە ڕاستەوخۆ بە کۆما جڤاکێن کوردستان بەسترانەوە کە ئەنجوومەنێکی حزب و ڕێکخراو و گرووپەکانی سەربە پەکەکەیە.



"کۆدار" کۆمەڵگەی دیموکراتی و ئازادی ڕۆژهەڵات، رۆژی پێنجی ئایار/مایۆی 2014، لە چیاکانی قەندیل لەلایەن کەجەکەوە دامەزرێنراو و هەریەک لە "ڕێزان جاوید و زیلان تانیا" بە هاوسەرۆکی ئەو حزبە نوێیە هەڵبژێردران. پەکەکە کۆداری وەک سیستەمێک بۆ بەڕێوەبردنی کارگێڕی و ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاندووە، ئەمەش لە کاتێکدایە تەواوی خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە و نازانرێ چۆن و لە کوێ ئەو سیستەمە جێبەجێ دەکرێ.

ئەم لقانەی پەکەکە لە 24ی ئادار/مارسی 2015 ڕێگرییان لە پێشمەرگەکانی دیموکرات کرد لەوکاتەی لەڕێگەدا بوون لە سنووری کێلەشین بەرەو ڕۆژهەڵات بڕۆن و پەرە بە چالاکی شۆڕشگێڕی بدەن، ئەوە پرسیارێکی بێ وەڵامە کە بۆچی پەکەکە چالاکی دژی ئێران نییە و رێگری لە حزبەکانی رۆژهەڵاتیش دەکات چالاکی ئەنجام بدەن.

سێیەم: باشووری کوردستان
پەکەکە وێڕای ئەوەی ساڵی نەوەتەکان لەگەڵ هەریەک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان شەڕی چەکداریی دروست کرد، بەهۆی ئەوەی دەیویست بە هێز پێگە و شوێن لە باشووری کوردستان بۆ خۆی بکاتەوە و خۆی جێگیر بکات، بەڵام دوای ئەوەی بە هێز نەیتوانی، دەستی بە دروستکردنی دەیان گرووپ و ڕێکخراو و حزبی سیاسی کرد لە باشووری کوردستان.

 "پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان (پەچەدەکە)" ئەوان وەک حزبێکی سیاسیی پاشکۆی پەکەکە لە باشووری کوردستان، دەستیان بەکارکردن کرد و بەشداری هەڵبژاردنی 2005 و 2009 و 20013ی پەرلەمانی کوردستانیان کرد، بەڵام هیچ کورسییەکیان بەدەست نەهێنا، دواتر بەهۆی ئەوەی ئەو حزبە لەسەر هەموو ئەو پرسانەی پێوەندی بە پەکەکە هەبوو، خۆپێشاندان و ناڕەزایی ئەنجام دەدا و هیچ چالاکییەکی بۆ کێشە و پرسە نەتەوەییەکانی کورد لە باشوور نەبوو، لە 2014 لە هەولێر بارەگاکانیان داخرا، لەوکاتەوە لە سلێمانی و گەرمیان ئەو حزبە وەک پردی گەیاندنی منداڵ لە باشووری کوردستان بۆ ناو پەکەکە و چەکدارکردنیان رۆڵ دەبینێ، بەڵام نە حزبەکە و نە پەکەکە هیچ دنیابینییەکی ڕوونیان لەسەر باشووری کوردستان نییە و ئەوان دەیانەوێ خەباتی هەموو پارچەکانی تری کوردستان بخەنە خزمەت ئەو باوەڕانەی پەکەکە هەیەتی، کە خۆی لە خۆسەری دیموکراتی و دوور لە دەوڵەتی نەتەوەیی دەبینێتەوە.

یەکینەکانی بەرخودانی شنگال "یەبەشە"، لە ساڵی 2007 لەلایەن پەکەکەوە بەناوی هێزی پاراستنی مەلیک تاوس دامەزرێنران و لە چیاکان مەشقیان پێ کرا، بە دووەم گەورەترین هێزی میلیشیایی پەکەکە دادەنرێن لە ناوچەکانی ئێزیدینشین دوای هێزەکانی پاراستنی شنگال "هەپەشە". لە شەڕی دژ بە تیرۆریستان بەشدارییان کرد و ئێستەش لە ناوچەکاندا بوونیان هەیە، لە ماوەی ڕابردووشدا ڕێگرییان لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد بچنە ناوچەکە و تەقەیان لە پێشمەرگە کرد و ئەوانیش وەڵامیان دانەوە و دواتر داوای وەستاندنی شەڕیان کرد. 

ئەو هێزە لەژێر رێنوێنی "هەپەگە" باڵی سەربازی پەکەکە دروست کران و ئێستەش فەرمان و ڕێنوێنی لە کۆما جڤاکێن کوردستان "کەجەکە" وەردەگرن.

"یەکینەکانی ژنانی ئێزیدخان" لە 2015 لەلایەن پەکەکەوە دروست کراوە و لە ناوچەکانی شەنگال جێگیر کراون، سەرکردەکانی ئەو هێزە لە "بێریڤان ئاسڵان و ڕۆسیار ڤەژین" فەرماندەی هێزەکە لە خانەسۆر، "هەڤاڵ کۆچبەر" پێشتر فەرماندەی هێزێکی ژنان بووە لە مەنبەج، ڕاستەوخۆ فەرمان لە پەکەکەوە وەردەگرن.

"ئاسایشا ئێزیدخان" هێزێکی ناوشارە و هاوشێوەی پۆلیس ڕۆڵ دەبینێ، لە ناوەڕاستی 2016 دروست کراوە و "حوسێن ئەرزڕوم" کە خەڵکی باکوری کوردستانە، سەرکردایەتی ئەو هێزە دەکات. لە ئەنجامی هەوڵەکانیان بۆ دابڕاندنی شنگال و ناوچەکانی تری ئێزیدینشین لە باشووری کوردستاندا، هێزی پۆلیسی تایبەتیان بۆ دروست کردوون، جیا لە پۆلیسی کوردستان و عێراق، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەو هێزانە دەیانەوێ شنگال و ناوچەکانی تر لە کوردستان داببڕن و بیکەن بە بەشێک لە ناوچەکانی ژێر دەستی پەکەکە، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستانی رای گەیاندووە کە "ئەوە قبووڵ نەکراوە".

"حزبی ئازادی و دیموکراسی ئێزیدی" لە کۆتای 2016 و سەرەتای 2017 لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە دامەزرێنراوە، دەخوازن لە ڕێگەی ئەو حزبەوە نوێنەرایەتیی سیاسیی ئێزیدییەکان بکەن و بەو شێوەیە پەکەکە هەم لە ڕووی سەربازییەوە و هەم لە ڕووی سیاسییەوە، ناوچەکانی ئێزیدینشین و ئێزیدییەکان بۆ خۆی کۆنتڕۆڵ دەکات، ئێستەش ئەو حزبە لە شنگال بوونیان هەیە و لە ناوچەکانی ژێر دەستی پەکەکە چالاکی ئەنجام دەدەن.

"تەڤگەرا ئازادی" ڕێکخراوێکی سەربە پەکەکەیە و لە گەرمیان و سلێمانی چالاکی ئەنجام دەدەن و خەڵکی ئەو ناوچانە دەکەنە ئامانج و دواتر دەیانگوازنەوە بۆ قەندیل.

چوارەم: ڕۆژئاوای کوردستان
بەهۆی ئەوەی لە ساڵانی هەشتاکاندا لەلایەن حافز ئەسەد سەرۆکی ئەوسای ڕژێمی بەعسی سووریا دەرگە بە ڕووی عەبدوڵا ئۆجەلان و هێزەکانی کرایەوە، پەکەکە چوونە سووریا و ماوەی چەندان ساڵ لە دیمەشق نیشتەجێ بوون، هاوکات لەناو ئەو کەمپانەی مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی حزبوڵای فەلەستینی و هێزە شەڕکەرەکانی تری فەلەستین دەکرا، گەریلاکانی پەکەکە حەشار دران و مەشق و ڕاهێنانیان پێ کرا، بەمەش پەکەکە ئاشنابوو بە سووریا و پێوەندییەکی لاوازی لەگەڵ کوردەکانی ڕۆژئاوا دروست کرد، دواتر لە سەرەتای سەدەی 21دا دەستی بە دروستکردنی حزب و گرووپی چەکداری لەو پارچەیەی کوردستان کرد.



"پەیەدە" پارتی یەکێتی دیموکرات، لە ساڵی 2003 بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی کەجەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان و لە ناوچەکانی قامیشلۆ و حەسەکە دامەزراوە و دەستی بەکار کردووە،  ئێستەش ئەندامن لە ئەنجوومەنی کەجەکە و لەلایەن پەکەکەوە ستراتیج و بەرنامەی ئەو حزبە و کارەکانی ڕۆژئاوای  کوردستان دادەڕێژرێ و لە چەندان دیدار و دیمانەی میدیاییدا، ساڵح موسلیم و ئاسیا عەبدوڵا هاوسەرۆکانی پەیەدە، باسیان لەوە کردووە کە باوەڕیان بە دەوڵەتی کوردی نییە و کار بۆ یەکگرتوویی و یەکێتی خاکی سووریای فیدراڵ دەکەن. 

ئەو حزبە بە ڕێنوێنیی پەکەکە، لە قەندیلەوە ڕێگری لە چالاکی و جموجۆڵی هەر حزبێکی تری کوردی لە ڕۆژئاوا دەکات و هەرچەند ئاڵای ڕووسیا و ئەمەریکا و ئەسەد لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەوان هەڵبدرێ بەلایانەوە ئاسایییە، بەڵام بە توندی دژی هەڵدانی ئاڵای کوردستانن و چەندان جاریش سووتاندوویانە، سەرەڕای ئەوەی دەیەوێ خۆی بە بەشێک لە پەکەکە پێشان نەدات، بەڵام ئایدیۆلۆژیا و ئاڵا و بیر و ڕێباز و باوەڕیان تەواو هاوشێوەیە لەگەڵ پەکەکە و تەنیا بەناو جیاوازیان هەیە، بەپێچەوانەوە لە دروشم و کردار و کارکردن و بۆچوونەکان و سیاسەتکردنیان لەگەڵ پەکەکە، دوو ڕووی یەک دراون. 

پێشتر چەندان بەڵگە لەسەر بوونی پێوەندی نێوان ئەسەد و پەیەدە لە میدیاکان بڵاو کراونەتەوە، ئێستەش ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەیەدە لە ڕۆژئاوا لە ڕووی کارگێڕی و پەروەردەیی و سەرجەم بوارەکانی تر جگەلە بواری سەربازی لەلایەن ڕژێمی ئەسەدەوە بەڕێوە دەبرێن.

"یەپەگە" یەکینەکانی پاراستنی گەل. دوای دروستبوونی ئاڵۆزییەکانی سووریا، لەلایەن پەکەکەوە ڕێنوێنی ئاراستەی پەیەدە کرا تا باڵی سەربازیی پەیەدە لە ڕۆژئاوای کوردستان دابمەزرێنن، بەو هۆیەوە لە 2011 دەست بە دامەزراندنی یەکینەکانی پاراستنی گەل کرا و بەهۆی کشانەوەی هێزەکانی ئەسەد بە رێککەوتنێکی نهێنی، یەپەگە ناوچەکانی قامیشلۆ و حەسەکە و کۆبانی و عەفرینیان کۆنتڕۆڵ کرد، دواتر لەگەڵ داعش کەوتنە شەڕ و تیرۆریستانی داعش توانییان گەمارۆ بخەنە سەر کۆبانێ و لە حەسەکەوە پێشڕەوی بکەن و ناوچەکانی مەنبەج و باب و جەرابلوس کۆنتڕۆڵ بکەن، بەڵام دواتر بە پشتیوانی هاوپەیمانان و بەهۆی چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانی، توانرا زۆر لە ناوچە کوردییەکان لەلایەن ئەو هێزەوە کۆنتڕۆڵ بکرێنەوە. 

هەفتەی ڕابردوو دوای ئەوەی مەنبەج کە ماوەی چەند مانگێکە ئازاد کراوە، لەلایەن یەپەگەوە ڕادەستی هێزەکانی ڕژێمی ئەسەد کرایەوە، ئەمەش نیگەرانی خەڵکی ناوچەکەی لێ کەوتووەتەوە و گەنجان و خەڵکی نایانەوێ لەژێر دەستی ئەسەد بن و شارەکە جێ دێڵن. هاوکات ئەو هێزە لەلایەن ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتییەوە بە پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ و یاساکانی جەنگ تۆمەتبار دەکرێ، بەهۆی ئەوەی منداڵانی خوار 18 ساڵ بەزۆر چەکدار دەکات، بەگوێرەی ئامارەکانیش لە 2015ەوە تا ئێستە یەپەگە هەزار منداڵی بەزۆر چەکدار کردووە.

"یەپەژە" یەکینەکانی پاراستنی ژن، لە 2012 لەلایەن پەیەدەوە بە ڕێنوێنیی پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان دامەزراوە و لەتەک هێزەکانی یەپەگە دژی تیرۆریستان جەنگاون.

"تەڤدەم" تەڤگەری جڤاکی دیموکرات، لە 2015 دامەزراوە و هاوشێوەی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا لەلایەن پەکەکەوە دامەزرێنرا، هەریەک لە حزبەکانی پەیەدە و پارتی یەکێتی سریان، پارتی ئاشتی و دیموکراتی کوردی سووریا، پارتی یەکێتی لیبراڵی کوردستان، حزبی شیوعی ڕزگاری کوردستان، کۆمەڵەی نیشتمانی کورستان تێیدا ئەندامن و سەرجەمیان سەربە پەکەکەن و بەیەکەوە لەسەر فەرمان و ڕێبازی پەیەدە کار دەکەن.

سیستەمی فیدراڵی
پەیەدە و تەڤدەم کە ئەنجوومەنی حزبەکانی سەربە پەکەکەن لە ڕۆژئاوای کوردستان، لەگەڵ حزبە عەرەبییەکانی تر، لە 16 ئادار/مارسی 2016 سیستەمی فیدراڵی و دیموکراتی باکوری سووریایان ڕاگەیاند، هەرچەندە سەرەتا ئەو سیستەمە ناوی ڕۆژئاواڤای لەگەڵدا بوو، بەڵام وەک لە میدیاکان بڵاو کرایەوە، دواتر بە فشاری ڕژێمی ئەسەد ناوی رۆژئاوای لێ کرایەوە و لە باکوری سووریا ئەو سیستەمە ڕاگەیەنرا و کانتۆنەکانی کۆبانێ و جزیرێ و عەفرینی تێدا جێگیر کرا.



وشە - باز ئه‌حمه‌د