جیاواز لە ساڵانى رابردوو، ئەمساڵ بەهۆى بڕیارێکى نوێى حکوومەتى هەرێمى کوردستانەوە، گەشتیارانى ئێرانى کە لەڕێگەى مەرزە نێودەوڵەتییەکانەوە سەردانى کوردستان دەکەن بەهۆى جەژنی نەورۆزەوە، نیگەران بوون و داواى هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە دەکەن.
ئاغاى حەسەن مەریوانى یەکێک لە گەشتیارانى شارۆکەى مەریوانى رۆژهەڵاتى کوردستان کە بۆ نەورۆز گەشتی باشووری کوردستانی کردووە، بۆ "وشە" رای گەیاند، "پێشتر بۆ ماوەى مانگێک ئێمە بەبڕى 25 هەزار دینارى عێراقى دەهاتینە خاکى باشوورى کوردستان، بەڵام ئەم نەورۆزە لە کاتى هاتنمان، لە مەرزى نێودەوڵەتى باشماخ، پێمان گوترا دەبێت بەو بڕە پارەیە، تەنیا بۆ 15 رۆژ بمێنینەوە".
"زۆر نیگەرانین بەوەی کاتى مانەوەمان لە هەرێمى کوردستان کەم کراوەتەوە، چونکە ئێمە زۆربەى خزمەکانمان لێرەن و ناکرێت بەو شێوەیە مامەڵەمان لەگەڵدا بکرێت" حەسەن وای گوت. هاوکات داوای کرد بەرپرسانى حکوومەتى هەرێم و لایەنى پێوەندار بەو بڕیارەیاندا بچنەوە و وەک پێشترى لێ بکرێتەوە.
پێشتر هەر گەشتیارێکی ئێرانی کە دەهاتە هەرێمی کوردستان لە خاڵە سنوورییەکان کارتێکی بۆ دەکرا بە باجی 25 هەزار دینار و دەیتوانی تا مانگێک بمێنێتەوە.
"وشە" پێوەندی کرد بە هەریەک لە ئەزوەر مەحموود سەرپەرشتیارى مەرزى نێودەوڵەتى باشماخ و دلێر فەرەج میرزا، لێپرسراوى بنکەى نشینگەى مەرزەکە، ئاماژەیان بەوە کرد کە بڕیارى "کەمکردنەوەى مانەوەى گەشتیارانى بیانى کە (ئێرانى و تورک) دەگرێتەوە، لەمساڵدا و لەلایەن وەزارەتى ناوخۆى حکوومەتى هەرێمەوە وەک بەشێک لە رێوشوێنەکانى زیادکردنى داهات" دەرکراوە.
ئەو بەرپرسانە بە دووریان نەزانی کە دواى لێکۆڵینەوە لە لایەنە باش و خراپەکانى ئەو بڕیارە و کاریگەرییەکانى لەسەر کەمبوونەوەى گەشتیار، چاوى پێدا بخشێندرێتەوە.
ساڵانە لە کاتى بۆنە ئاینى و نەتەوەییەکانى وەک نەورۆزدا، ژمارەیەکى زۆر لە گەشتیارانى ئێرانى و کوردانى رۆژهەڵاتى کوردستان، لەڕێگەى خاڵە سنوورییە نێودەوڵەتییەکانى وەک (باشماخ، پەروێزخان، حاجى ئۆمەران) دێنە هەرێمى کوردستان.
پێنجوێن-رێبێن پێنجوێنى