دژ بە بڕیارێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا خۆپیشاندان ئەنجامدەدرێت

:: PM:04:56:23/03/2017 ‌


بڕیارە رۆژی یەكشەم 26ی ئاداری 2017 لەبەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خۆپیشاندان ئەنجام بدرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی ئاداری 2017 یەكێك لەڕێكخەرانی خۆپیشاندانەكە بە"وشە"ی راگەیاند، بریارە كاتژمێر 10ی  پێشنیوەڕۆی رۆژی 26ی ئادار لە بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی  لەشاری هەولێر خۆپێشاندانی گەورە ئەنجام بدەین.

زیاتر گوتی، مەبەست لەخۆپیشاندانەكەدا ناچاركردنی وەزارەتی خوێندنی باڵایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بریارەكەی لەبارەی زمانی كوردی و  وەزارەت داوای لێبوردن لە هاونیشتمانیانی كوردستان و پسپۆڕانی كوردی و عەرەبی بكات.

رای گەیاند، خاوەنی ئەم بڕیارە و بیرۆكانە پێویستە ڕووبەڕووی دادگا بكرێنەوە، چونكە بەپێچەوانەی دەستووری هەمیشەیی عێراق(2005) و یاسای زمانە فەرمییەكانی هەرێم(2014) و یاسای زمانە فەرمییەكانی عێراق(2014) و یاسای ئەكادیمیای كوردی ڕەفتاریان كردووە.

بەپێی زانیاریەكانی "وشە" مامۆستایانی بەشەكانی زمانی كوردی و زمانی عەرەبی و قوتابیان و چەندان كەسایەتی و هاووڵاتیان بەشداری لەو خۆپیشاندانەدا دەكەن.

وەزارەتی خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشتر بڕیاریدابوو كە تاقیكردنەوەكان لەزمانی كوردی بۆ قوتابیانی زانستی ئارەزوومەندانەبێت و ئەمەش ناڕەزایی فراوانی لێ كەوتەوە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم