پارتی هۆكاری پڕنەكردنەوەی پۆستەكانی لەبەغدا ئاشكرا كرد
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەفراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان هۆكاری پڕنەكردنەوەی پۆستەكانی كورد لەبەغدا ئاشكرا دەكات.
شاخەوان دەلۆ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەفراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە"وشە"ی راگەیاند، كورد ناتوانێ بەوەرگرتنەوەی پۆستەكان لەبەغدا شەڕی نەتەوەیی بكات و چارەسەری كێشەكان بكات، بۆیە ئەو پۆستانەی لەماوەی رابردوو كورد خاوەنی بووە نەیتوانووە بەشێوەیەكی باش خزمەت بكات.
زیاتر گوتی، لەوەتەی چەند پۆستێكی كورد بەتاڵن لەبەغدا كە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستانە چەند جارێك حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای كردووە پۆستەكان پڕبكەینەوە.
شاخەوان دەلۆ ئاماژەیدا، پارتی بەهۆی ئەوەی پێی وایە پڕكردنەوەی پۆستەكان چارەسەری كێشەكانی كورد ناكات لەبەغدا، بۆیە تائێستە هەوڵی نەداوە بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان و بەبەتاڵی ماونەتەوە.
لەماوەی رابردوو ژمارەیەك پۆستی كورد لەبەغدا كە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستانن بەبەتاڵی ماونەتەوە و بەبڕوای چاودێرانی سیاسی پڕنەكردنەوەی ئەو پۆستانە لەبەغدا لەلایەن كوردەوە ئاماژەیەكی ترە بۆ دووركەوتنەوەی هەرێمی كوردستان لەبەغدا و هەوڵدان بۆ جیابوونەوەی یەكجاری.
وشە -
سهرخێڵ هاشم