بەرپرسێكی یەكێتی پارچە زەوییەكی وەزارەتی دارایی داگیر دەكات

:: PM:01:33:22/10/2016 ‌

راوێژكارێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەست بەسەر پارچە زەوییەكی موڵكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەگرێ و بەهۆی رێگری كردنیش لەلایەن قایمقام و بەڕێوەبەری شارەدێیەك دژی داگیركردنی زەوییەكە، لە دادگا سكاڵایان لە دژ تۆمار دەكات.

مەلا نیازی هەورامانی راوێژكارێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دادگە سكاڵا لەسەر قایمقامی هەڵەبجە و بەڕێوەبەری شارەدێی بیارە تۆمار دەكات، چونكە (وەك خۆی دەڵێ) رێگرییان لە كردنەوەی پارچە زەوییەك كردووە و ناویان زڕاندووە.

لەوبارەیەوە راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بۆ كاروباری ئاینی و بەڕێوەبەری دەزگەی پێكەوەژیان بە "وشە"ی گوت: پارچە زەوییەكە زیاتر لە یەك دۆنمە لە "سێداران" موڵكی وەزارەتی دارایی بووە، بە نووسراو و هەموو شتێك دراوە بە من، ئێستە دەمەوێت ئیشی تێدا بكەم، بەڵام بەڕێوەبەری شارەدێی بیارە و قایمقامی هەڵەبجە رێگرن لە كارەكەم و ناویان زڕاندووم.

زیاتر گوتی: من لە دادگا سكاڵام لەسەر بەڕێوەبەری شارەدێی بیارە و قایمقامی هەڵەبجە و چەند كەسێكی تریش كردووە كە ئەوانیش رێگرن لە بەردەم بەكارهێنانی ئەو زەوییەم.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، قایمقامییەتی شاری هەڵەبجە ڕێگرە لە بەردەم بەكارهێنانی ئەو زەوییە لەلایەن ڕاوێژكارەكەی یەكێتییەوە، چونكە خاوەنی هەیە، بەڵام وەزارەتی دارایی بەبێ گوێدان بە خاوەنەكەی، بەخشیویەتی پێی.

نوخشە ناسیح قایمقامی هەڵەبجە بە "وشە"ی گوت: تا ئێستە دادگای هەڵەبجە منی لەو سكاڵایە ئاگادار نەكردووەتەوە، بەڵام رێگریكردن لەو كەسە لەسەر زەوییەكە، بەهۆی سكاڵای ئەو هاووڵاتییانەیە كە سكاڵایان تۆمار كردووە.

لای خۆشیەوە حەمید بارام بەڕێوەبەری شارەدێی بیارە بە "وشە"ی گوت: قسە لەسەر ئەو بابەتە ناكەم تا ئەو كاتەی دادگا بە فەرمی ئاگەدارم دەكاتەوە، ئەو كاتە هەموو قسە و بەڵگەیەك دەخەینە ڕوو.

هەڵەبجە/ سەلام هانەدنی


وشە - كوردۆ شابان