لە سنوری رۆژئاوای شارۆكەی دوزخورماتوو چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر گوندێك و پاش كوشتنی چوار ئافرەت و منداڵ لەلایەن حەشدی شەعبیەوە تووشی رووبەڕو وبوونەوە هاتن و لە هەردوو لا کوژراو و بریندار هەیە.
ئەمڕۆ هەینی 24ی ئادار/مارس، عەلی هاشم، گوتەبێژی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە سنوری شارۆكەی دوزخورماتوو، بە "وشە"ی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی چەكدارانی داعش لە سنوری رۆژئاوای شارۆكەی دوزخورماتوو هاتبونە گوندی چەرداغلی و دەستیان بە بۆمب رێژكردنی گوندەكە كرد و یەكەم ماڵی گوندەكەش كە خێزانێكی نزیك لە حەشدی شەعبی بوون و پێكهاتبوون دوو ئافرەت و دوو منداڵ، لە لایەن چەكدارانی داعشەوە گولەباران كران و كوژران.
زیاتر روونی دەکاتەوە، دوای ئەو هێرشە هێزەكانی حەشدی شەعبی روو بە روویان بونەوە و لە ناوچەكە دووریان خستونەتەوە، لە رووبەڕوبوونەوەکەدا دوو چەكداری حەشدی شەعبی كوژرا و سێ چەكداری داعشیش كوژران، داعش لەگەڵ خۆیان تەرمی کوژراوەکانی خۆیان برد.
فاروق ئەحمەد، بەرێوەبەری ئاسایشی شارۆكەی دوزخورماتوو بە "وشە"ی راگەیاند، گوندی چەرداغلی توركمانی شیعە مەزهەبن و داعش خەڵكەكەی بە هاوكاری حەشدی شەعبی دەزانێ .
سەرچاوەیەکی تایبەتی هێزی پێشمەرگە بۆ "وشە" ئاشکرای دەکات، داعش لە رۆژئاوای شارۆكەی دوزخورماتوە هێرشی كردوە كە نزیك بە ئامرلیە و ناوچەكە ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی حەشدی شەعبی لێ جێگیر کراوە .
گەرمیان / سەبری هۆرینی