ئاسایش دوو تۆمەتباری گرت
جبەخانەیەکیان لەماڵەوە حەشار دابو

:: PM:12:15:24/03/2017 ‌
 
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی كەركووك گیرانی دوو تۆمەتباری راگەیاند و بەرپرسی هۆبەی راگەیاندنیش ئاشکرای دەکات، دەست بە سەر ژمارەیەك چەك و تەقەمەنی لەناو شاری كەركووكدا گیراوە.

ئەمڕۆ هەینی 24ی ئادار/مارس، فەرهاد حەمەعەلی، بەرپرسی هۆبەری راگەیاندی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی كەركووك بە "وشە"ی راگەیاند، شەوی ڕابردوو دوای كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی ورد، هێزەكانمان لە هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنیندا بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەكانی پۆلیس لە گەرەكی "پەنجا عەلی" شاری كەركوك توانیان دوو گومانلێكراو بە ناوەكانی "ی.ع.ع" و "ب.ع.ع" بگرن.

زیاتر روونی دەکاتەوە، هەردوو گومانلیکراوەکە ژمارەیەكی زۆر چەك و تەقەمەنیان لە ماڵی خۆیان حەشار دابوو كە بریتی بوون لە  بڕێك مادەی سیفۆر ، دوو قاعیدەی كاتیوشا، یەك كلاشنكۆف، یەك غەدارە ، یەك چەكی"m16"، یەك گولە "ئار پی جی" ، نارنجۆكی دەستی و ژمارەیەك فیشەك و مەخزەنی دەمانچە و كلاشنكۆف و حەربەو نازور و خوژە و لاپتۆپ و مۆبایل.

بەرپرسی هۆبەری راگەیاندی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی كەركووك ئاشکرای کرد، تا ئێستا لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو دوو گومانلێكراوە بەردەوامە بۆ ئەوەی بزانرێت ئەو ژمارە زۆرە چەك و تەقەمەنیەیان بە چ مەبەستێک حەشار داوە.
 
کەرکووک/ئارام شێركۆ










وشە - هیدایه‌ت جان