چۆن خولەکەمان بە جەماوەری بکەین؟

:: AM:11:50:30/03/2022 ‌
ئاراس رواندزی 

تاموچێژو رکابەری و ئاستی بەرزی هەر خول و پاڵەوانیه‌تییەک، بەندە بە بوونی هاندەرو جەماوەرێکی زۆر لە پەیژەکانی یاریگه‌كاندا، بە پێچەوانەوە لیگ ئه‌گەر ئاستی هونەریشی زۆر بەرزبێ، کاتێک رێژەیەکی بەرچاوی جەماوەر لە چوارچێوەی کۆنەبێتەوە، ئەو چێژ و جوانییە نابەخشێت.

لە کوردستانی خۆشماندا کە مەبەستی نووسینەکەمە، خولی نایابی تۆپی پێی یانەکان بەراورد بە وەرزشەکانی تر، خاوەن زۆرترین جەماوەرە و هەوادارێکی زۆر هۆگر و شەیدای یارییەکانین، لێ ئەو جۆش و خرۆش و جەماوەرە زۆرە لە هەموو یاریگه‌کان نابینرێ، بە پێچەوانەوە لە بەشێکی زۆری رکابەرییەکانی خولی پلە یەک دەبینین جەماوەر لە یاریگه‌ جوانترین تابلۆ دەنەخشێنن، بەشێوەیەک وا هەست دەکەی هاندەرانی خولێکی ئەوروپین !

ئاشکرایە ئامادەبوونی زۆرترین رێژەی جەماوەر لە یارییەکاندا کەوتووه‌تە قەزا و ناحیەکان، بۆیە ئه‌گەر بمانەوێ خولی نایاب ببێتە خولێکی جەماوەری و لە یارییەکان زۆرترین رێژەی هاندەر ببینین، پێویستە بە میکانیزمێک و چەند هەنگاوێکی زانستی و لۆژیکیانە، هەوڵی سەرخستنی ئەو تیپانە بدرێ، کە خاوەن بنکەی جەماوەرین، کە لێرەدا زیاتر مەبەستم شارو شارۆچکەکانە، بەڵام بۆ ئەو کارەش پێویستە سەرەتا ژمارەی یانەکانی پلە نایاب کەم بکەینەوە و هەندێکیشیان تێکەڵکێش بکەین.
راسته‌ بەدیهێنانی ئەم هەنگاوە ئاسان نییە، کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەمیشی یەکجار زۆرن، بەڵام ئه‌گەر ئیڕادە هەبێ و یانەکانیش لە گۆشەنیگای بەرژەوەندیی گشتی و پێشخستنی تۆپی پێ و دوور لە دەمارگیری و بیری تەسکی حزبی، سەیری بابەتەکە نه‌کەن، ئەوە هاتنەدی ئەم بیرۆکەیە ئەستەم نییه‌.

لێرەدا پێشنیار دەکەم هەر یەک لە یانەکانی شاری هەولێر ( هندرێن، ئارارات، پێشمەرگەی هەولێر) کە خاوەنی کەمترین ژمارەی هاندەرن، تێکەڵ بکڕین و لە ژێر ناوێکی نوێ درێژە بە کاروانی وەرزشی و رکابەرییەکانیان لە خولی نایاب بدەن.
 هەروەها یانەکانی ( سیروانی نوێ، نەورۆز، پێشمەرگەی سلێمانی)، بە هەمان شێوە لێکبدرێن و لە ژێر ناوێکی نوێ کۆبکرێنەوە، بەهۆی ئەم کردارە سێ خانە لە خولی نایاب بە تاڵ دەمێنێ، دەکرێ بە دانانی میکانیزمێک و سازدانی خولێک بە شێوەی پلە بەندی سێ لەم یانانە ( هەڵەبجە، خانەقین، رانیە، سێمێل، کەرکووک، شێخان، رواندز) سەربخرێن، بۆ یانە پلە یەک و پله‌ دووەکانیش دەكرێ هەمان شێواز و میکانیزم پێڕەو بکرێ. .

ئێسته‌ هەولێری پایتەخت کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیكه‌ی دوو ملیۆن کەسە (٧) یانەی لە ریزی نایاب یاریی دەکەن کە تەنیا سێ یانەیان جەماوەرین، لە کاتێکدا لە پایتەختی چاینایەکی ملیارو سێ سەد هەزار کەسیدا، تەنیا دوو یانەیان لە پلە یەک یاریی دەکەن! لە کۆی هەموو پایتەختەکانی جیهاندا تەنیا بەغدا و هەولێرن کە خاوەن زۆرترین یانەن لە نایابدا، بەغدا بە نۆ یانە و هەولێریش بە حەفت یانە، دوای ئەوان هیچ پایتەختێکی تری جیهان نییە لە سەرووی چوار یانەی لە لیگی پلە یەک بێ! هەرچی شاری سلێمانیشە ئێسته‌ (6) یانەی لە نایابە، بەڵام تەنیا چواریان خاوەن جەماوەرن، هۆکارەکەشی ئەوەیە ئەو چوار تیپە نوێنەرایەتی ناوچەیەکی جوگرافی فراوان دەکەن و ناوی شار یان شارۆچکەیەکیان هەڵگرتووە، بۆیە ئه‌گەر بمانەوێ خولەکەمان جەماوەری و بەهێز و پڕ رکابەری و چێژ بێ، پێویستە لە رێگەی میکانیزمی زانستی و لەبەرچاوگرتنی رێژەی دانیشتوان یاخود بە شێوەی ناوچەی جوگرافی، تیپەکان لە ئاستەکانەوە سەروو خوار بکەن.

دیارە ئەو بیرۆکەی من، جگە لە کۆکردنەوەی زۆرترین رێژەی جەماوەر و زیاتر بەرزکردنەوەی ئاستی رکابەری خولەکە، سوودی ئابووریشی هەیە، بەڵام دەکرێ لە نووسینەکانی داهاتوودا ئاماژەیان پێ بکەم.

لە کۆتاییدا نایشارمەوە رەنگە ئەو پێشنیارەم ببێتە مایەی ناڕەحەتی و بگرە تووڕەبوونی زۆر لایەنیش، بە تایبەتی بەشێک لە یانەکان، لێ ئه‌گەر بمانەوێت تۆپی پێی کوردستان پێش بکەوێ، تەنیا ئەو رێگەیەمان لەبەردەمە، لە ئەگەری کاردانەوەی ئەرێنی و پێشوازیکردنیش لەو بیرۆکەیە، دەتوانم بابەتەکە فراوانتر و لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی گشتگیردا بە ناوی "چاکسازی لە تۆپی پێی کوردستان" بخەمە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان.



وشە - وشه‌