بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامەو باری شارستانی ئاگادارییەك لەبارەی گەڕاندنەوەی بەڵگەنامەكان بۆ هاووڵاتیان بڵاودەكاتەوە لەدوای پێدانی کارتی نیشتیمانی، پێشتر لەکاتی پێدانی کارتی نیشتیمانی سەرجەم پێناسەکانی تریان لە هاوڵاتیان دەستاندەوە.
ئەمرۆ هەینی 24ی ئادار/مارس، لە راگەیەنراوێكدا كە لەسەر پەیجی بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامەو باری شارستانی سلێمانی بڵاوكراوتەوە ئاماژە دراوە، بەنوسراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامەی عیراق لە رێکەوتی 22ی ئادار وەزیری ناوخۆی عیراق رەزامەندی نیشانداوە بەڵگەنامەكانی رەگەزنامە و كارتی نیشتمانی بگەڕێنرێتەوە بۆ هاووڵاتیان لەكاتی پێدانی كارتی نیشتمانیدا.
زیاتر روون کراوەتەوە، هەروەها ئەو بەڵگەنامانەش دەبێت پوچەڵ بكرێنەوە و مۆری پوچەڵكردنەوەیان لێ بدرێت، لەكاتێكدا ئەگەر بەهۆی كەپس كردنییەوە نەتوانرا مۆر بكرێت، ئەوا دەتوانرێت كون بكرێت یان لای وێنەو ژمارەكەوە ببڕدرێت.