ئاڵا تاڵەبانی ستایشی مووچەبڕی خەڵكی كوردستان دەكات" />

"مالیكی باشترین پیاوی دەوڵەتە"
ئاڵا تاڵەبانی ستایشی مووچەبڕی خەڵكی كوردستان دەكات

:: PM:02:05:22/10/2016 ‌

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دیدارێكدا، مالیكی وەك پیاوێكی گەورە و گرنگ باس كرد و گوتی، مالیكی بە هەموو مانایەك پیاوی دەوڵەتە، ئەم قسانەی سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز لە بەغدا لە كاتێكدایە مالیكی بە بڕیارێكی كەسی لە سەرەتای ساڵی 2014ەوە مووچە و بودجەی خەڵكی هەرێمی كوردستانی بڕی.

ئاڵا تاڵەبانی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دیدارێكی لەگەڵ پێگەی "غەدپرێس" دەڵێ، نووری مالیكی بە هەموو مانایەك پیاوی راستەقینەی دەوڵەتە و جێی پەنجەی لە كۆنتڕۆڵكردنی ئاسایش و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەهیچ شێوەیەك نكۆڵی لێ ناكرێت.

لەبارەی كەموكوڕییەكانیشی بیانوو بۆ نووری مالیكی دێنێتەوە و دەڵێ، لە بەشێكی كاروبارەكانی دەوڵەت شكستی هێناوە، بەڵام ئەمە بەهۆی ئەجێندای دەرەكی بووە كە هەوڵیان داوە نووری مالیكی لاواز بكەن.

هەروەها دەڵێ، مالیكی روئیای هەبوو بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بەڵام ئەو كۆسپانەی ئەجێندای دەرەكی دروستیان كرد، بەرامبەری وەستانەوە، ئەو تا ئێستەش پیاوێكە بەبێ هیچ پۆستێك خزمەت دەكات.

ئەو گوتانەی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەبەغدا لە كاتێكدایە كە نووری مالیكی لە ساڵی 2014 مووچە و بودجەی خەڵكی كوردستانی بڕی و بەوهۆیەوە هەرێمی كوردستان نزیكەی سێ ساڵە تووشی تەنگژەی دارایی بووە، هاوكات نووری مالیكی لە سەردەمی هەردوو خولی سەرۆكایەتیكردنی حكوومەتی عێراق، هێزی دیجلە و جەزیرە و بادیەی ناردە سەر كوردستان بۆ ئەوەی سەنگ و پێگەی هەرێمی كوردستان كەم بكاتەوە و لە كۆبوونەوەیەكیشدا بە ڕوونی گوتی، هەركات فڕۆكە ئێف-16ەكانی ئەمەریكا بگەنە عێراق نابێ هەرێمی كوردستان بەو شێوەیە بێت.

لە سەردەمی حوكمڕانی ئەودا مادەی 140 بە تەواوی پەراوێز خرا كە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان لە رێی ئەو مادەیەوە دەهاتنەوە سەر هەرێمی كوردستان، هاوكات مالیكی بودجە و چەك و كۆمەكی سەربازی بۆ پێشمەرگە نەنارد كە لە دەستووری عێراق وەك بەشێك لە سیستەمی بەرگریی عێراق بەناوی پاسەوانی هەرێم ناویان هاتووە، لە سەردەمی حوكمی نووری مالیكی رێگری لە دروستكردنی ئەنجوومەنی فیدراڵ كرا، كە لە نوێنەری حكوومەتی عێراق و هەرێم و پارێزگاكان پێك دێت، سەرەڕای هەموو ئەو گرفتانەی بۆ كوردستانی دروست كردووە، دەستووری جێبەجێ نەكرد، بەڵام لەلایەن سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بە باشترین پیاو ناوی دەبرێت.

سەرچاوە: غەدپرێس.


وشە - باز ئه‌حمه‌د