لە هەفتەی داهاتوو كارەبای نیشتمانی زیاد دەبێت

:: PM:09:05:24/03/2017 ‌
بەهۆی هاتنی شەپۆڵی سەرما پێدانی سەعاتەكانی كارەبای نیشتیمانی بۆ هاووڵاتیان كەمی كردوە، بەڕێوەبەری گشتی كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێمیش دەڵێت لە هەفتەی داهاتوودا پلەكانی گەرمی بەرز دەبنەوە و تا 15 سەعات كارەبای نیشتمانی بۆ هاووڵاتیان دابین دەكرێت.

ئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند "ئەو شەپۆڵی سەرمایەی ڕووی لە شارەكانی هەرێم كرد پێچەوانەی پێشبینیەكانی ئێمە بوو، وای كرد پێدانی كارەبای نیشتیمانی كەم بكات".

زیاتر گوتی، بە پێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو لە كاتی نەورۆز پلەكانی گەرما بەرز دەبوونەوە بەمەش كارەبای نیشتمانی زیاتر دەدرا بە هاووڵاتیان، بەڵام لە نەورۆز و بەهاری ئەمساڵ پێچەوانە دەرچوو بەهۆی سەرما خواستی زیاتری هاووڵاتیان بۆ بەكارهێنانی كارەبا و مانەوەیان لە ماڵەوە كارەبا كەمتر درا بە هاووڵاتیان.

ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، لەم هەفتەیەوە كەش و هەوا گۆڕانی بەسەردا دێت و پلەكانی گەرما بەزر دەبنەوە بەمەش دەتوانین لە دوای 1ی  مانگی نیسانه‌وه‌ تا 15 سەعات كارەبای نیشتیمانی لە 24 سه‌عات بدەین بە هاووڵاتیان .

له‌ باره‌ی وه‌رزی هاوینه‌وه‌، بەڕێوەبەری گشتی كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم رای گه‌یاند، وەزارەتی كارەبا پلانی خۆی دەبێت و زیاد كردنی سەعاتەكانی كارەبا لە ئه‌ولەویەتی كاری ئەوان دا دەبێت، بەڵام جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كە بابەتەكە پەیوەستە بە بوونی بودجەی پێویست و خستنەگەڕی وێستگە لە كاركەوتووەكانی كارەبا و تەواو كردنی پڕۆژەی كارەبای گەرمیان.

وشە: هێمن ڕەفیق.


وشە - عه‌لی سدیق