سه‌یدسادق: هاووڵاتیان گله‌یی له‌ نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌كان ده‌كه‌ن

:: PM:09:52:24/03/2017 ‌
29 ساڵ تپێەری بەسەر ڕوخاندنی سیدسادق بەڵام هێشتا هاووڵاتیانی ئەو شارە قەرەبوو نەكراونەتەوە و ناڕازین لە خزمەتگوزاریەكانی، 29 ساڵ پێش ئەمڕۆ ڕژێمی بەعسی عێراق دژ بەگەلی كورد سەرجەم خانو و مزگەوتەكانی شارۆچكەی سیدسادقی تەختی زەوی كرد پاش ڕاپەرین دووبارە لەلایەن خەڵكەكەیەوە ئەو شارە بنیاد نراوە و تا ئێستاكەش نەبوونی خزمەتگوزاری و خۆبنیادی هەڕەمەكی لەو شارە دیارە.

یوسف دەستوری مامۆستا و شاعیرێكی شارۆكه‌ی سه‌یدسادق بە "وشه‌"ی راگه‌یاند "ڕژێمی بەعس بەسیاسەتەكانی ئەم شارەی كردە وێرانە و خەڵكەكەی ڕاگواست پاشان لە 1991 بەهاوكاری چەند ڕێكخراوێكی جیهانی دووبارە خەڵكی سیدسادق و گوندەكانی ماڵۆچكە و كەپریان دروست كردەوە لەشوێنی ماڵە ڕووخاوەكان ژیانیان گوزەراند تا 2003 كە حكوومەتی بەعس ڕوخا ئیدی دۆخی ئابووری خەڵك بەگشتی باش بوو.

ئەو مامۆستا گلەیی لە نەبوونی خزمەتگوزاری حكوومەتی هەرێم دەكات لەو شارە و گوتی "جگە لە بینای فەرمانگەكان و دانانەوەیان لە سیدسادق وەك پێویست خزمەتگوزاری بۆ شارەكە نەكراوە ئێستا هەندێ گەڕەك قیرتاو یاخود كۆنكرێت نەكراون تەنانەت تێكەڵەڕێژیش نەكراوە بۆ كۆڵانەكان.


 ئه‌بوبكر حسێن ڕۆژنامەنوس و چالاكوانێكی ئەو شارۆكه‌ بۆ "وشە" گوتی "پارساڵ 60 پەرلەمانتاری عێراقی داوایەكیان پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عیراق كرد لەبارەی ڕوخاندنی سیدسادق و قەڵادزێ كە هەر دووكیان لە یەك كەیسدان هاوشێوەی یەك بۆ ناساندنی وەك تاوانی جینۆساید و قەرەبوو كردنەوەی مادی و مەعنەوی هاووڵاتیانی ئەو شارۆكانه‌، بەڵام تا ئێستا دانیشتن نەكراوە و و نازانین هۆكار چیە و ئەنجامەكەی چی بوو؟".

زیاتر گوتی "لە25 ساڵی ڕابردوو دەستەڵاتی كارگێڕی لە سیدسادق نەیانتوانی وەك پێویست خزمەتی شارۆكه‌كه‌ بكه‌ن، كەرتی تەندروستی لە ئاستێكی دواوەی ناوچەكانی دیكەیه‌، جگە لەوەی زۆربەی  كوچە و كۆڵانەكانی سیدسادق قوڕ و لیتەیە و لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ناوچە چەكی دەشتی شارەزوورە كە لەبارترین كەرتی كشتوكاڵی هەیە، بەڵام ئەو لایەنەش ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە تا جوتیارانی ئەم ناوچە سودمەند ببن و كەرتی كشتوكاڵ ببوژێتەوە.

 
گۆران نەسروڵا پارێزەری ڕاوێژكاری خۆبەخش لە كەیسی جینۆسایدی ڕاگواستن و ڕوخانی سیدسادق بە "وشە"ی گوت "دیارە حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ میراتگری حكوومەتی بەعسی پێشووە بۆیە بەپێی یاسا پێویستە قەرەبووی ئەو زیانانە بكاتەوە كە لە گەلانی عێراقی كردووە، لەسالی 2013 دادگای باڵای تاوانەكان لەچوار چێوەی تاوانی ئه‌نفال بڕیاری بەجینۆساید ناساندنی ڕووخان و وێرانكردنی سیدسادقی دەركرد".

زیاتر گوتی "ئەوەی گرنگە و ئێمە ئەمانەوێت دەركردنی بڕیارێكی تایبەت بۆ سیدسادق بۆیە داواكارین لە پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا و وەزارەتی شەهیدانی حكوومەتی هەرێم كە كار بكه‌ن بۆ كەیسی ڕاگواستن و ڕوخانی سیدسادق و جیا بكرێتەوە لە كەیسی ئەنفال و بەپێی یاسای تایبەت كاری لەسەر بكرێت و تاوانباری سەرەكی ئەو كارە بەسزا بگەیەنرێت و قەرەبووی مادی هاووڵاتیانی سیدسادق بكرێتەوە وەك ناوچەكانی خوارووی عێراق كە قەرەبوویان وەرگرتووە، چونكە بەپێی یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2005 كه‌ له‌ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ده‌رچووه‌، تایبەتە بەتاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و ڕاگواستن و ڕووخانی ماڵی هاووڵاتیان، بەتایبەت مادەی 12 و 13 كه‌ باس لە ڕاگواستنی هەموو شارەكانی عێراق دەكات و سیدسادقیش وەك ئەوان ئەو تاوانەی بەرامبەر كراوە و پێویستە قەرەبوو بكرێتەوە".




23/3/1987 لە چوارچێوەی سیاسەتەكانی ڕاگواستن و سەركوتكردنی ناوچە سنووریەكانی كوردستان حكوومەتی بەعس خەڵكی سیدسادقی ڕاگواست بۆ ئۆردوگا زۆرە ملێكان و خانو و بینا و مزگەوتەكانی ئەو شارەی تەختی زەوی كرد و ڕووخاندی.






سه‌یدسادق: شەفیق بانی شاری.





وشە - عه‌لی سدیق