یارییه‌ ئاگرینەكان خەڵكیان هەراسان كردوە

:: PM:10:03:24/03/2017 ‌
لە شارۆكەی سۆرانی سەر بە پارێزگەی هەولێر، یارییە ئاگرینەكانی منداڵان خەڵكیان هەراسان كردوە و شەوانە لە گەڕەك و كۆڵانەكان یاری پێ دەكەن. هاووڵاتییانیش هێما بۆ ئەوە دەكەن" دەنگی یاریە ئارگینەكان لە دەنگی دەمانچە و تفەنگ بەهێزترە و زۆر مەترسیدارە.

 
هیوا محەمەد هاووڵاتییەكی خێزانداری دانیشتووی گەڕەكی سۆرانە بە "وشە"ی راگەیاند" بەدەست یارییە ئاگرینەكان بێزار بووینە و بەشەو و رۆژ منداڵانی گەڕەك یاریی بەو جۆرە ئاگرە دەكەن".

زیاتر گوتی" ئەو یارییە ئاگرینانە لە زەرەر زیاتر هیچ سوودێكی نییە و نازانین حكوومەت بۆچی قەدەغە و بنبڕی ناكات".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، چەند جۆرە یارییەكی ئاگرین بوونی هەیە و هەیە ئاگر فڕێ دەدات و چەند مەترێك بەرز دەبێتەوە و زۆر جار دەكەوێتە ناو ماڵان، جۆرێكی تریشی هەیە دەنگی بەشێوەیەك زۆرە لە دەنگی دەمانچە و تفەنگ بەهێزترە و مەترسیدارە و بە ئازادی لە زۆربەی دوكانەكانی شار دەفرۆشرێ.

ئازاد تۆفیق سەرۆكی لیژنەی ئابووری سۆران بە "وشە"ی راگەیاند "بەهەموو شێوەیەك هەوڵمانداوە كە ئەو یارییە ئاگرینانە لە سۆران بنبڕ بكەین و چەندین دوكانداریش بەهۆی هێنان و فرۆشتنی یارییە قەدەغراوەكان سزای مادی دراون، پێویستە هاووڵاتییان و دوكاندارەكان لەگەڵ ئێمە هەماهەنگ بن و بەرژەوەندی گشتییان لەپێش چاو بێت".

 
تۆفیق باسی له‌وه‌ كرد، دوكاندار و بازرگانه‌كانمان ئاگاداركردۆته‌وه‌ كه‌ هێنان و فرۆشتنی یارییە ئاگرینەكان قەدەغەیە و سەرپێچی یاساییە و رێژەیەكی یەكجار زۆریش لە یارییە ئاگرینەكان لە سۆران لەناو بردراوە.

 
ئاشكرای دەكات، چەند جۆرێك لەو یارییە ئاگرینانە هەیە، جۆرێكیان نرخی تا 25 هەزار دینارە و بەمەبەستی جوانكاریش بەكار دەهێندرێت كه‌ ئه‌وه‌یان زۆر مەترسیدارە و لە دوای ئاگر بەردان لە ماوەیەكی زۆر كەم دەڕوا و دەتەقی ئەگەر بە چاوی منداڵێك یا كەسێك بكەوێ ئەوا بە دڵنیایەوە چاوی كوێر دەبێت. 

سەرۆكی لیژنەی ئابووری سۆران جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، هەر كەسێك یا هەردوكاندارێك بزانین و ببینین كە ئەو یارییە ئاگرینانە دەفرۆشێت، بێگومان تەواوی یارییە ئاگرینەكانی لێ دەستگیر دەكەین و خۆشی رووبەڕووی یاسا دەكەیەنەوە و ئیجرائاتی لەگەڵ دەكەین.


سۆران: موڕشید برادۆستی.


وشە - عه‌لی سدیق