نادیە یاسین: بەرهەمی نوێم زۆرن بەڵام حەزم بە سوپرایزە

:: PM:02:28:22/10/2016 ‌

نادیە یاسین كە یەك لە گۆرانیبێژە گەنجەكانی باشووری كوردستانە و خاوەنی چەندان بەرهەمی هونەرییە و یەك لە بەرهەمەكانیشی ئەلبوومێكی گۆرانییە بەناوی "تۆم لە بیرە". ئێستە لە كەنەدا ژیان دەكات. لە دەرفەتێكدا "وشە" رووبەڕووی چەندان پرسیاری كردەوە و ئەم دیمانەیەی لێ هاتە ئەنجام.

* پێ دەچێ زیاتر حەز دەكەی گۆرانییەكانت بەشێوەی سینگڵ بڵاو بكەیتەوە، بۆ؟
پێم وایە گۆرانیی سینگڵ كاریگەریی زیاتر دەبێت لە تێگەیشتنی ناوەڕۆكی گۆرانییەكە نەك ئەلبووم، ئەوەیش خۆشە كە كاتێكی زۆرت هەبێت و كۆمەڵێك گۆرانی بە یەك جار بخەیتە بەردەمی گوێگرانت، بەڵام ئەوەیان بۆ من ئەستەمە، چونكە هەم كاتم بە دەستەوە نییە و هەم توانایەكی زۆری دەوێت كە من نیمە، بۆیە زۆر ئاسایییە بە سینگڵ كارەكانی خۆم پێشكەش بكەم.

* لەگەڵ ژەنینی ئامێرەكانی موزیك چۆنی و زیاتر حەزت لە كامیانە؟
بەردەوام دەڵێم خۆزگە دایك و باوكم لە منداڵییەوە منیان لە كلاسی موزیك دابنایە، چونكە بەڕاستی زۆرم حەز لە ژەنینی موزیكە، زیاتر عاشق و حەز بە ژەنینی ئامێری (ڤایلۆن) دەكەم. خۆم لە كلاسی موزیك ئامێری (پیانۆ)م خوێندووە و مامۆستای تایبەتم هەبووە لە بواری دەنگ و تەكنیكی دەنگ و ڕاهێنانی بەردەوامی پێ كردووم، ئێستە زانیاریم لەسەر ئامێری (گیتار) هەیە، بەڵام زۆر پڕۆفیشناڵیش نیم.

* ماوەیەك بەر لە ئێستە ڕێكلامت بۆ سەیرانگەیەك كرد لە ناوچەیەكی باشووری كوردستان، گومان دەكرێ ئەو شوێنە هی خۆت بێت، تۆ چی دەڵێیت؟
بەڕاستی من پێوەندیم لەگەڵ ئەو شوێنە نییە و هی خۆم نییە، تەنیا هاوڕێیەك داوای ڕێكلامی لێ كردم و منیش قبووڵم كرد، بۆ هەر شوێنێكی تریش ئەگەر ڕێكلامێكی ماقووڵ هەبێت، من بە خۆشحاڵییەوە دەیكەم. 

* هاوكاری خەڵكی سەر شەقام زۆر دەكەی و وێنەكان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی دادەبەزێنی، ئەمە ڕێكلامێك نییە بۆ خۆت؟
من بە هیچ شێوەیەك ڕێكلام بۆ خۆم ناكەم، بەڵام جیاوازیی هاوكاری من و هاوكارییەكانی تر لەوەدا بوون ئەوان لەسەر شەقامن و كاتێك داوای پارە دەكەن و ئێمە پێیان دەدەین، ئەوان ڕاستەخۆ دەچن دەیدەن بە (كهوول) و ئەمەش كارێكی خراپە، بۆیە بیرمان كردەوە لەگەڵ هاوڕێیەكم لە جیاتی پارە، خۆراكیان بۆ بكڕین و پێیان بدەین، وێنەكانیشم بۆ ئەوە بڵاو كردووەتەوە ئەم مۆدێلە پێڕەو بكرێت لە هاوكاریكردن نەك بۆ خۆدەرخستن، چونكە من پێشتریش ئەو كارانەم زۆر كردووە و هاوكاریی خەڵكم كردووە.

* بە نیاز نیت بگەڕێیتەوە كوردستان و كۆنسێرتێك بۆ هەوادارانت ساز بكەیت؟
بەردەوام بیرم لای كوردستانە و شانازی بە كوردبوونی خۆمەوە دەكەم، لە ئایندەدا دوای تەواوبوونی كارە هونەرییەكانم لێرە، دەگەڕێمەوە بۆ كوردستان و كۆنسێرتێك ساز دەكەم. 

* خاوەنی جەستەیەكی رێكی، پێ دەچێ گرنگی زۆر بە وەرزش  بدەیت؟
 وەرزش بووە بە بەشێك لە ژیانم و گرنگی باشی پێ دەدەم، هەفتەی سێ ڕۆژ وەرزش دەكەم، وەرزش وات لێ دەكات بەردەوام لەشێكی ساغڵەمت هەبێت، ئافرەت ئەگەر وەرزش بكات، بەردەوام رێك و توند و تۆڵ دەبێت.

* لە نێوان سوید و كەنەدا چ شوێنێكیان بۆ هونەر باشترە؟
بەر لەوان، بۆ هونەرمەند وڵاتەكەی خۆی باشترین شوێنە بۆ كاری هونەری، چونكە لە وڵاتی خۆم ژەنیاری باش و تێكستنووسی باش و دەرهێنەری باشتر هەیە و لە یەكتر تێ دەگەین، ڕاستە لە سوید ژیاوم و ئێستە لە كەنەدا دەژیم، بەڵام ئەوروپا هونەرمەندی كوردی زۆر لێ نییە، وەك ئەوە وایە بە تەنیا قورسایییەكی زۆرت لەسەر شان بێت.

* لەگەڵ دروستكردنی خواردنە كوردەوارییەكان چۆنی؟
خواردنە كوردەوارییەكانم زۆر پێ خۆشن و فێری كفتەی بڕوێش بوومە و دەتوانم بە باشی دروستی بكەم.

* خۆشەویستی لەلای تۆ چی دەگەیەنێ؟
خۆشەویستی لەلای من مانای وەفاداری دەدات، بەڵام پێویستە مرۆڤەكان تێ بگەن كە خۆشەویستی مانای ئەوە نییە بەردەوام لە خۆشیدا بیت، بەڵكو لە خۆشەویستیدا ناخۆشیش هەیە.

* پێش هاوسەرگیری عاشق بوویتە؟
من نایشارمەوە كە هەرگیز خۆشەویستیم نەكردووە، تەنیا هاوسەرەكەم یەكەم كەس بوو بە وردی ناسیم و لە نزیكەوە عاشقی یەكتر بووین، چونكە زۆربەی كاتەكانم بۆ خوێندن دانابوو، بۆیە خۆم بەو شتانەوە سەرقاڵ نەدەكرد، تەنیا یەك جار عاشق بووم و ئەو جارەش هاوسەرگیرمان كرد و ئێستە باوكی منداڵەكانمە.

* پڕۆژەی هونەریی نوێت چییە؟
پڕۆژەی هونەریی تازەم زۆرن، بەڵام ناتوانم بە وردی باس لە هیچیان بكەم، چونكە بەردەوام حەز دەكەم سوپڕایز بۆ گوێگران بكەم.

پاشخان: 
خاتوونە گۆرانیبێژ نادیە یاسین لە ساڵی 1999وە دەستی بە كاری هونەری كردووە و گۆرانیی (شادم) یەكێك بوو لەو گۆرانییانەی پێوەی ناسرا، دواتریش ئەلبوومێكی هونەری بڵاو كردەوە بەناوی (تۆم لە بیرە)، دوایین كاری هونەری لە ساڵی 2012 بەناونیشانی (هەی نێرگز) بوو، لە دوای ماوەیەك لە كاری هونەری دابڕا، پاشان بەرهەمێكی بە شێوەزاری بادینی بڵاو كردەوە بەناوی (لێك جودا دەبین)، ئێستە لە كەنەدا دەژی و ژیانی هاوسەری پێك هێناوە.

وشە/ محەمەد میران


























وشە - تایبه‌ت