سەرۆكی ریال مەدرید لەبارەی هێنانی هێرشبەرێكی نوێ زانیارییەكی ئاشكرا كرد

:: AM:10:06:25/03/2017 ‌

فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە ئارەزوو دەكەن لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا هێرشبەرێكی لاوی بەتوانای ئەوروپا بهێننە ریزی یانەكەیانەوە.

یەكێك لەو هێرشبەرە لاوانەی كە یانەی ریال مەدرید هەوڵی بۆ دەدات مبابی هێرشبەری لاوی یانەی مۆناكۆی فڕەنسییە، ئەو هێرشبەرە لەم وەرزەدا ئاستێكی ناوازەی پێشكەش كردووە و تا ئێستاش 19 گۆڵی بۆ یانەكە لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەكاندا تۆمار كردووە.

مبابی هەروەها رۆلی سەرەكی گێڕا لەسەركەوتنی یانەكەی بەرامبەر یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی و سەركەوتنیان بۆ قۆناغی 8 خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا.

بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆكی یانەی ریال مەدرید هیوای خواست بۆ وەرزی داهاتوو بتوانن لەگەڵ ئەو هێرشبەرە و یانەكەی رێك بكەون و لەگەڵ كەریم بەنزیما باشترین هێڵی هێرشبەر لە خولی ئیسپانیا و ئەوروپا پێك بێنن.

لەلایەكی تریشەوە یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزیش هەموو هەوڵێكی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ مبابی و بۆ ئەمەش بڕی 69 ملیۆن پاوەنی بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئەو هێرشبەرە لاوە ئامادە كردووە.

مبابی پێشتر لەچەند شوێنێك ئاشكرای كردبوو كە هەر لە منداڵییەوە عەشقی یانەی ریال مەدرید بووە و تەنانەت لە ژوورە تایبەتییەكەشیدا وێنەی چەندان ئەستێرەی ئەو یانەیە هەڵواسیوە.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م