مالیزیا.. دەسەڵاتی ئاینی "هۆت دۆگ" قەدەغە دەكات

:: PM:02:30:22/10/2016 ‌

وەزارەتی پەرەپێدانی ئیسلامی لە وڵاتی مالیزیا، بە بیانووی ئەوەی لەگەڵ ئاینی ئیسلام ناگونجێ، بڕیاری دا بە قەدەغەكردنی ناوی خواردنی هۆت دۆگ.

بەگوێرەی بڕیارەكەی ئەو وەزارەتە، پێویستە سەرجەم چێشتخانەكانی ئەو وڵاتە، لە لیستی خواردنەكانیان ناوی ئەو خواردنە بسڕنەوە.

سیراجەدین سهێمی، گوتەبێژی وەزارەتی پەرەپێدانی ئیسلامیی مالیزیا، لەبارەی ئەو بڕیارەوە رای دەگەیەنێت، ژمارەیەك لە گەشتیاران و سەردانكەرانی موسڵمان كە سەردانی ئەو چێشتخانانە دەكەن، وا دەزانن ئەو خواردنە هەمان ئەو خواردنی هۆت دۆگەیە، كە لە گۆشتی بەراز دروست دەكرێت و لە چێشتخانەكانی وڵاتانی ئەوروپا دەفرۆشرێت، بەڵام ئەمە هەمان شت نییە، چونكە ئەوەی ئێرە تەنیا لە ناودا هەمان شتە، ئەگەر نا خواردنەكەی ئێرە لە گۆشتی "مریشكی حەڵاڵ" دروست دەكرێت، بۆیە پێویستە ناوەكەشی بگۆڕدرێت بە ناوێكی تر، بۆ نموونە بكرێتە گۆشتی سۆسیج یاخود ناوێكی تر.

بەڵام هەموو دەزگەكانی حكوومەتی وڵاتەكە، هاوڕا نین لەگەڵ بڕیارەكەی ئەو وەزارەتە، نەزرا عەزیز، وەزیری گەشتوگوزار و رۆشنبیریی مالیزیا، ئەو بڕیارەی بە "گەمژەیی و دواكەوتوویی" وەسف كردووە.

بڕیارەكە هاوكات ناڕەزایی ژمارەیەك لە هاووڵاتییانیشی لێ كەوتووەتەوە، وەك جۆرێك لە سەپاندنی شوناسی ئیسلامی بەسەر وڵاتەكە لێكیان داوەتەوە، ئەمەش لە كاتێكدا ولاتەكە خۆی جۆرێك لە شوناسی فرەئاینی و پێكەوەژیانی هەیە.

سەرچاوە: rt


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی