ئیسكۆ رای خۆی لەسەر چوونی بۆ یانەی بەرشەلۆنە ئاشكرا كرد

:: AM:11:58:25/03/2017 ‌

ئیسكۆ ئەلاركۆنی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی وەڵامی سەرجەم ئەو هەواڵانەی دایەوە كە ماوەیەكە سەبارەت بە چوونی بۆ یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بڵاو دەكرێنەوە.

رۆژنامە ئیسپانییەكان لەماوەی رابردوودا بڵاویان كردبووەوە كە یانەی بەرشەلۆنە لە هەوڵی رازیكردنی ئیسكۆیە بۆ ئەوەی تا هاوینی وەرزی داهاتوو لە یانەی ریال مەدرید بمێنێتەوە و لەگەڵ كۆتاهاتنی ماوەی گرێبەستەكەشی لەگەڵ ئەو یانەیەدا بەشێوەی ئازاد بێتە نێو یاریگەی كامپ نووەوە.

لەمبارەیەوە ئیسكۆ لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا دوای یارییەكەی نێوان هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ئیسرائیل لە چوارچێوەی یارییەكانی پاڵاوتن بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2018ی رووسیا، بۆچوونی خۆی لەبارەی ئەم هەواڵانە ئاشكرا كرد.

ئیسكۆ رایگەیاند كە ئەم هەواڵانە دوورن لە راستییەوە و بەهیچ شێوەیەكیش گفتوگۆی لەگەڵ هیچ بەرپرسێكی یانە ركابەرەكەی بەرشەلۆنە نەكردووە.

ئیسكۆ ئاشكراشی كرد كە دەزگاكانی راگەیاندن خۆیان ئەم هەواڵانە دروست دەكەن بۆ ئەوەی خوێنەریان زۆربێت و داواشی لێكردن چیتر هەواڵی بەبێ بنەما و ناڕاست بڵاو نەكەنەوە.

جێی باسە هەڵبژاردەی ئیسپانیا لەو یارییەدا بە ئەنجامی 4-1 گۆڵ لە هەڵبژاردەی ئیسرائیلی بردەوە و كۆی خاڵەكانی كردە 13 خاڵ و لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بەهەمان خاڵ و بەجیاوازی گۆڵ لە ریزی یەكەمی كۆمەڵەی حەوتەم بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2018ی رووسیا گیرسایەوە.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م