"كەناڵە ئاسمانییەكان سەرچاوەی سەرەكی زانیاری تیرۆریستانی داعشن"

:: PM:02:44:22/10/2016 ‌

شارەزایانی بواری میدیایی و بەرپرسانی سیاسی بەتوندی رەخنە لە شێوازی رووماڵی كەناڵە ئاسمانییەكانی كوردستان دەكەن كە پەخشی راستەوخۆیان لە بەرەكانی جەنگدا هەیە و دووپات لەوە دەكەنەوە، ئاشكراكردنی پلانە سەربازییەكان لە پەخشی راستەوخۆدا، سەرچاوەی زانیارییەكانی داعش پێك دێنێت و هۆكار دەبێت لە هەڵكشانی رێژەی قوربانی پێشمەرگە و هێزەكانی تەناهی.

تەها تەیفوور بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای كەركووك بە "وشە"ی راگەیاند، "كەناڵە ئاسمانییەكان پەیامنێرانی ناشارەزا و بێ‌ ئەزموون رەوانەی بەرەكانی شەڕ دەكەن، بەشێوەیەك رووماڵی جەنگەكە دەكەن و ئەو زانیارییە تایبەتانەی دەیگوازنەوە، لەلایەن داعشەوە بەكاردێت لە رووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگە و هێزەكانی تەناهی".

لێدوانەی تەیفوور، پاش ئەوە دێت كە دوێنێ‌ هەینی 21ی تشرینی یەكەمی 2016 سەرووی 50 چەكداری داعش دزەیان كردە ناو شاری كەركووك و رووبەڕووبوونەوە و پێكدادان لە نێوان ئەو چەكدارانەی داعش و هێزەكانی تەناهی روویدا و دوای لەناوبردنی چەكدارەكان، بارودۆخی شارەكە كۆنتڕۆڵ كرایەوە. كەناڵە ئاسمانییەكانی كوردستان پەخشی راستەوخۆیان لە مەیدانی شەڕدا هەبوو، بەڵام بەتوندی رووبەڕووی ئەو رەخنەیە كرانەوە كە لە رێگەی شاشە و خستنە رووی زانیارییە سەربازییە تایبەتەكان، هەموو پلانە سەربازییەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی تەناهی شارەكەیان بۆ داعش خستووەتە روو.

تەیفوور كە خۆی ساڵانێكی زۆر كاری میدیایی كردووە، دەڵێ‌، "داعش لەرووی لۆجیكستییەوە رێكخراوێكی گەورەیە و سوودی تەواو لەو زانیارییانە وەردەگرێت كەناڵە ناشارەزاكان لەبارەی جموجۆڵی هێزەكانی تەناهی و پێشمەرگە ئاشكرای دەكەن، ئەو شێوەیە لە پەخشی راستەوخۆ وا دەكات كەناڵەكان ببنە سەرچاوەی زانیاری بۆ تیرۆریستانی داعش".

زیاتر دەڵێ‌، "زۆرێك لەو چەكدارانەی داعش كە لە كەركووك كوژران، هێدفۆنیان لە گوێ‌ بوو، واتە لە شوێنێكی ترەوە و بە پشت بەستن بەو زانیارییانەی لە تیڤییەكاندا بڵاودەكرێتەوە، پێیان دەگوترێت لەم شوێن و لەو شوێن هێزی تەناهی و پێشەرگە هەیە، ئەو كەناڵانەی پەخشی راستەوخۆیان هەیە بەرپرسی یەكەمن لە شەهیدبوون و قوربانییەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی تەناهی".

هەرێم عەلی چالاكی مەدەنی، لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، وێنەیەكی لە شەڕەكەی كەركووك نیشان داوە و نووسیویەتی، "هێزێكی پێشمەرگە، كە بە نهێنی بەرەو مۆڵگەیەكی داعش دەچن، بەڵام لەهەمان كاتدا دوو كەناڵی ئاسمانی لە پەخشی راستەوخۆ، ئەو هەڵمەتە نهێنییەی پێشمەرگە ئاشكرا دەكەن و جوڵە و پلانی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ دوژمن ئاشكرا دەكەن".

شارەزایانی بواری راگەیاندن رەخنە لەو كەناڵە ئاسمانییانە دەگرن كە رووماڵی بەرەكانی جەنگ دەكەن و پێیان وایە، ئەوان مەترسی لەسەر پێشمەرگە و خودی پەیامنێرەكانیشیان دروست دەكەن. بەتایبەت لەوەی پێوەندی بە ئاشكراكردنی ئەو زانیارییە سەربازییانەوە هەبێت كە پێشمەرگە و هێزەكانی تەناهی لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا وەك پلانی شەڕەكە پشتی پێ‌ دەبەستن، بە پێچەوانەوە ئاشكراكردنی پلانی پێشمەرگە و شوێن و پێگە و توانستی سەربازی لەرووی ژمارەی پێشمەرگە و جۆری چەك و تەقەمەنییەكانی، هاوكار دەبێت لەوەی تیرۆریستانی داعش دژی پێشمەرگە و هێزەكانی تەناهی بەكاری بێننەوە.

ئەرسەلان رەحمان شارەزای بواری میدیایی، لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك دەڵێ‌، "ناردنی پۆلێك میدیاكاری گەنج بۆ بەرەكانی شەڕ بەبێ‌ ئەوەی هیچ سەرەدەرییەك لە بارەی كاری پەیامنێری لەكاتی جەنگدا بزانن و دروستكردنی مەترسی لەسەر ژیانی ئەو میدیاكارانە هەڵەیە، بەو پێیەی ئەوانەی دەنێردرێنە بەرەكانی شەڕ بۆ رووماڵی میدیایی، كەناڵەكانیان ئامادە نەبوون لانی كەم رۆژێك خولی راهێنانی تایبەت بە رووماڵی جەنگ و ئەرك و پێویستییەكانی پەیامنێری جەنگیان بۆ بكەنەوە. كێبڕكێی كێ‌ زۆرتر وێنەی تەقینەوە و كوشتنی دەست بكەوێت، سەری كێشاوە بۆ خستنە مەترسی ژیانی پێشمەرگە و خودی میدیاكارانیش".

ئەو زیاتر دەڵێ‌، "كێبڕكێی خۆدەرخستن و سینگ دەرپەڕاندن و خۆبردنە پێشەوە بووەتە كەڵكەڵەی هەندێك میدیاكار و بە هەر نرخێك بووە پێیان خۆشە تەپوتۆزی شەڕ بە گژیاندا بچێت و بۆ ئەوەش سیحری سەرەڕۆئامێزی كامێرا هانیان دەدات لە مەترسییەكانی ئەو هەڵانە سڵ نەكەنەوە كە لە بەردەم كامێرا و لە مەیدانی جەنگدا ئەنجامی دەدەن".

روونی دەكاتەوە، "ئەوەی خەڵكی ئاسایی لە رێگەی شاشەكانەوە دەیبینێت، پڕیەتی لە هاتوهاواری فوو لەخۆكردن و دوورە لە رووماڵێكی پیشەییانەی ئەوتۆ كە زانیاری لە هەناویدا لەخۆگرت بێت و كاریگەری نەرێنی لەسەر بەرەكانی شەڕ نەبێت، هەر ئەوەش وای كردووە لە بەیانییەوە تا نیوەشەو بەدیار ئەو میدیاكارانەوە دابنیشی، سەرەنجام هیچ ئەنجامێكت لەلا گەڵاڵە نەبووە و پێویستت بەوەیە سەیری راپۆرتی پەیامنێرێكی بیانی بكەیت بۆ ئەوەی بزانیت بە راستی چی روویداوە و ئەنجامەكە بەكوێ‌ گەیشتووە".

لەوەتەی شەڕی داعشەوە، تێبینی دەكرێت، داعش لە پەیجەكانی خۆیەوە، زۆرجار گرتەی ڤیدیۆیی و رووماڵی كەناڵە ئاسمانییە كوردییەكانی لە دژی هێزەكانی پێشمەرگە بڵاوكردووەتەوە، بەو هۆیەوە كە رووماڵ كردن و گرتەكان وەها دەردەكەون كە خاڵی لاوازی پێشمەرگە نیشان بدەن، لەو روانگەیەوە زۆرجار بەرپرسانی هێزی پێشمەرگە دووپاتیان لەوە كردووەتەوە كە هەندێك لە كەناڵەكان خزمەتی داعش دەكەن.

بەهۆی ناپیشەیی لە رووماڵی بەرەكانی جەنگ و دروستكردنی مەترسی لەسەر گیانی پێشمەرگە و خستنە رووی هەندێك لەو زانیارییانەی كە پلانی هێزەكانی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی دوژمن، ئاشكرا دەكەن، بەشێك لە شارەزایان و چاودێران پێشنیازییان كردووە رووماڵ و پەخشی راستەوخۆی هەڵمەتەكانی پێشمەرگە بۆ سەر داعش قەدەغە بكرێت.

وشە/رێبین فەتاح


وشە - ڕێبین فه‌تاح