ئیسپانیا، له ئێسته‌دا به یه‌كێك له وڵاتانی ده‌وڵه‌مه‌ند هه‌ژمار ده‌كرێت، له رووی كولتووری خواردن و خواردنه‌وه‌كان، به تایبه‌ت له شه‌رابی سانگریا، كه یه‌كێكه له شه‌رابه نایابه‌كانی ئه‌و وڵاته، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێشبینی نه‌ده‌كرا ئه‌وه بوو، كه له‌و وڵاته‌دا به‌ر له 10 هه‌زار ساڵ گۆشتی مرۆڤ یه‌كێك بووبێت له ژه‌مه خۆراكه‌كان.
زانایانی بواری شوێنه‌وارناسی، دوای ئه‌نجامدانی زنجیره‌یه‌ك توێژینه‌وه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك پروسكی مرۆڤ، كه له ئه‌شكه‌وته‌كانی ناوچه‌ی سانتا میرا له شاری كاستڵ دی كاستڵس له باشووری ڤالنسیا دۆزیبوویاننه‌وه، بۆیان ده‌ركه‌وتووه، كه له ماوه‌ی چاخی به‌ردینی ناوه‌ڕاست، مرۆڤه‌كان گۆشتی یه‌كتریان لێناوه و خواردوویانه.
توێژه‌ران بۆیان ده‌ركه‌وتووه، كه ئه‌و ئێسك و كه‌لـله‌سه‌رانه‌ی دۆزیویانه‌ته‌وه، مێژوویان بۆ نێوانی نۆ هه‌زار تا 10 هه‌زار و 200 ساڵ پێش زاین ده‌گه‌ڕێته‌وه و دوای توێژینه‌وه‌كانیشیان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه ئه‌و ئێسك و پاشماوانه سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌ن، كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا دیارده‌ی خواردنی گۆشتی مرۆڤ له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه هه‌بووه، كه به "anthropophagic practices" ناوی ده‌به‌ن.
خوان مۆڕالیس پیرێز، سه‌رپه‌رشتیاری توێژینه‌وه‌كه له زانكۆی ڤالنسیا و پسپۆڕی بواری پێش مێژوو و زانستی شوێنه‌وار و مێژووی كۆن، رای ده‌گه‌یه‌نێت، له توێژینه‌وه‌ی ئێسكه‌كان ده‌ركه‌وتووه، ئه‌و ئێسكانه له رێگه‌ی هه‌ندێك ئامرازی سه‌ره‌تایی له به‌رد دروستكراو شكێنراون و ده‌ستكارییان كراوه به‌ر له‌وه‌ی بكوڵێنرێن.
ئه‌و پسپۆڕه ئاماژه‌ی به‌وه داوه، ئێسكه‌كان هی خه‌ڵكی جۆراوجۆرن و هی پیاوی به‌هێز و لاواز و منداڵی تازه له دایكبووی تێدایه.