ڤەنزوێلا هانا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەبات

:: PM:05:46:25/03/2017 ‌

ڤەنزوێلا رووبەڕووی کۆمەڵێک گرفتی وەک کەمی دەرمان و خۆراک و بەنزین بووەتەوە و سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەیش بۆ تێپەڕاندنی تەنگژەی دەرمان هانا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەبات.

ئەمڕۆ شەموو 25ی ئادار/مارس ئاژانسی هەواڵی دویچەوێلەی ئەڵمانی رای گەیاندوە، نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆک کۆماری ڤەنزوێلا هانای بۆ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بردوە بۆ ئەوەی فریای وڵاتەکەی بکەون لە دابینکردنی دەرمان.

زیاتر روون کراوەتەوە، کۆی ئەو دەرمانەی لە کۆگاکانی ئەو وڵاتەدا هەیە، ٣%ی پێداویستییەکانی ڤەنزوێلا دابین دەکات و کۆی ئەو قەیرانانەیش لە سیستەمی بەڕێوەبردنی سیاسیی ئەو وڵاتەوە سەرچاوەی گرتوە کە سیستەمیکی سۆسیالیستییە.

هاوڵاتیانی ڤەنزوێلا ماوەی 18 ساڵە لە سایەی حوکمڕانییەکی سۆسیالیستیدا ململانی لەگەڵ ژیانیکی سەختدا دەکەن و مردنی منداڵان لەو وڵاتە بە بەراورد لەگەڵ کۆی وڵاتانی تری ئەمەریکای لاتین لە بەرزترین ئاستدایە.

لە کەمیدانی دەرمان لە ڤەنزوێلا گەیشتووەتە ئاستێک سەرۆک کۆمار ناچار بووە دەستەوداوێنی نەتەوە یەکگرتوەکان بێت و لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی حکومەت ئاماژەی دا، لەگەڵ جێسیکا فایتا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڤەنزوێلا گفتوگۆی کردوە و داوای لێ کردوە بە هانای وڵاتەکەیەوە بچن.

یەکێتی پزیشکانی ڤەنزوێلا رای گەیاندوە، نەخۆسخانەکانی ئەو وڵاتە لە ئێستەدا کەمتر لە 3%ی کۆی پێداویستییە دەرمانییەکانی ئەو وڵاتەیان هەیە و خەڵکی تەنیا دەتوانن لە بازاڕی رەشدا پێداویستییە دەرمانییەکانیان دەستەبەر بکەن.

هاوڵاتیانی ڤەنزوێلا رووبەڕووی کەمی خۆراک و بەنزینیش هاتوون و بەهۆی ئەوەی حکومەت پشتبەستووە بە ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسیی سەرجەم دەروازەکانی لە ئەمەریکای لاتین بەڕووی خۆیدا داخستووە و ئێستەیش گەیشتووەتە بنبەست و چاوەڕوان دەکرێت بۆ دەربازبوون لەو تەنگژە سیاسیی و داراییە حکومەت ملکەچ بە شێوازێکیتر لە سیاسەت و حوکمڕانی بیت لەو وڵاتەدا.

سەرچاوە/دویچەوێلە




وشە - هیدایه‌ت جان