لە نەورۆزدا 70 هاووڵاتی لە هەولێر ژەهراوی بوون

:: PM:06:09:25/03/2017 ‌

لە ڕۆژانی جەژنی نەورۆز و لە كاتی گەشتوگوزاری هاووڵاتییاندا چەندین كەس بە بەكارهێنانی كەرستەی ئاگركردنەوە و خواردنەوەی نەوت ژەهراوی بوونە، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستی هەولێریش ئاشكرای دەكات كە لە هەولێر 70 هاووڵاتی ژەهراوی بوونە و چارەسەر كراون.

ئەمڕۆ شەموو فاخیر كرمانجی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، چەندین هاووڵاتی بەهۆكاری جیاواز جیاواز ژەهراوی بوونە، ئەوەش بەهۆی خواردنی چەند مادەیەك كە بووەتە هۆی سكچوو و لەگەڵ تێكچوونی گەدە و سەرجەمیشیان چارەسەر كراون.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستی هەولێر دەڵێت، خواردن و بەكارهێنانی كەرستەكانی ئاگركردنەوە لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەتایبەتی لەلایەن منداڵان بوونی هەبووە، كە ئەمەش بووەتە هۆی ژەهراویبوون و نەوت خواردنیش بوونی هەبووە.

لە شاری دهۆكیش لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستی ئەو شارە ئاشكرای كرد، 18 هاووڵاتی بەهۆی خواردنی نەوت گەیەندراونەتە نەخۆشخانەكان و چارەسەریان بۆ كراوە.

لە ڕۆژانی نەورۆزدا بەهۆی بەكارهێنانی نەوت بۆ خۆگەرمكردنەوە و ئامادەكردنی خواردن، هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان چەند جۆرێك لە ئاگركردنەوە بەكار دەهێنن، وەك خەڵوز و نەوت و دار ... هتد كە زۆر جار بەهۆی كەمتەرخەمییەوە منداڵان دەیخۆن و تووشی كێشەی تەندروستی دەبنەوە.



وشە - رامیار جەواد