بە پێی راپۆرتێكی دەزگەی ئاماری نیشتمانی، ڕێژەی سكپڕی كچانی هەرزەكار لە ئینگلتەرا و وێڵز بە شێوەیەكی بەرچاو لەم ساڵانەی دواییدا كەمی كردووە.
نووسینگەی ئاماری نیشتمانی بریتانیا، لە بەیاننامەیەكی فەرمیدا، ئاماژەی بەوە كردووە كە ڕێژەی سكپڕی كچانی هەرزەكار (ژێر 18 ساڵان) لە ماوەی 8 ساڵی كۆتاییدا بۆ نیوەی ژمارە و ڕێژەی پێشتری كەمی كردووە، كە لە ساڵی 2015ـدا لە نێوان هەزار ئافرەتدا، 21 ئافرەتی ژێر 18 ساڵان سكیان پڕ بووە.
هەر بە پێی ئەو بەیاننامەیە، دابەزینی ئەو رێژەیە، بە هۆی پرۆسەی پەرورەدە و فێربوون، یان وەرگرتنی حەبی رێگری لە سكپڕیی و ترسەوە بووە.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەیش كراوە، كە ڕێژەی سكپڕی ئافرەتانی دوای 40 ساڵ، بەرزترین ئاستی بە خۆیوە بینیوە، بە جۆرێك لە نێوان هەزار خانمدا، ڕێژەی ئەو سكپڕانە گەییشتووەتە 15.1 ئافرەت.
هەروەها ڕێژەی سكپڕی ئافەرتانی سەرووی تەمەن 30 ساڵانیش زیادی كردووە، بەڵام زۆرترین ڕێژەی سكپڕی بۆ ئافرەتانی تەمەن نێوان 25 و 29 ساڵاندایە.
بە پێی راپۆرتەكە، لە ساڵی 2015ـدا 125 خاڵەتی سكپڕی لە نێو ئافرەتانی سەرەتای تەمەنی 30 ساڵاندا هەبووە، بەراورد بە 125 حاڵەتی سكپڕی ئافرەتانی كۆتایی تەمەنی 20 ساڵان.
بە پێی راپۆرتەكە، زۆربەی سكپڕان و منداڵخەرەوانی دوای 30 ساڵان، بە هۆی زیادبوونی دیقەتیان لەسەر داهاتووی پیشەگەری و زیادبوونی نرخی خانوو و تێچووی پەرورەدەی رۆڵەكانیانە. هەروەها ترس لە نەبوونی هەلی كار بۆ داهاتوو، یەكێكە لە هۆیە سەرەكییەكانی درەنگخستنی منداڵخستنەوەیە.
نیوەی منداڵانی لەدایكبووبش لە وێڵز و ئینگلتەرا لە ساڵی 2015ـدا، لە دەرەوەی چوارچێوەی هاوسەرگیری بووە. زۆرترین رێژەی سكپڕیی خانمانی ژێر 18 ساڵانیش لە هەردوو شاری بلاكبوول و بێرنلییە.
بە شێوەیەكی گشتی، رێژەی ئافرەتانی هەرزەكانی سكپڕ لە ئینگلتەرا و وێڵز بۆ ساڵی 2015، لە دوای ساڵی 1969ـەوە، گەییشتووەتە نزمترین ئاستی.