سەركردەیەكی باڵای قاعیدە كوژرا

:: AM:09:03:26/03/2017 ‌
وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا ئەمڕۆ یەكشەم ئاشكرای كرد، لە ئەنجامی بۆردمانی فڕۆكەكانی ئەو وڵاتە، توانیویانە سەركردەیەكی پایەبەرزی ڕێكخراوی تیرۆریستی قاعیدە لە ئەفغانستان بكوژن.

پنتاگۆن بڵاوی كردەوە، لە ئەنجامی بۆردمانی فڕۆكەكان بۆ سەر بنكەیەكی تیرۆریستان لە 19ی ئەم مانگە لە هەرێمی "بەكتیكا"ی وڵاتی ئەفغانستان، توانراوە "قاری یاسین" یەكێك لە سەركردە و تیرۆریستە بەناوبانگەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستی قاعیدە لە ئەفغانستان بكوژن.

ئاماژەی داوە، ئەو سەركردەیەی قاعیدە دەستی هەبووە لە كوشتنی دوو سەربازی ئەمەریكی و تۆمەتبارە بە تێوەگلانی لەو هێرشەی ساڵی 2009 كرایە سەر پاسێكی تیمی سریلانكا لە شاری كریكت.

وەزیری بەرگریی ئەمەریكا جێمس ماتیس لەوبارەوە گوتی، كوشتنی قاری یاسین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی تیرۆریستان دەیانەوێ ئیسلام ناشیرین بكەن و خەڵكی بێ تاوان بكەن بە ئامانج، بەڵام پێویستە هەمووان لەوە دڵنیا بن، ئەو تیرۆریستان لە دادگا و سەپاندنی دادپەروەری دەربازیان نابێت.

رێكخراوی تیرۆریستیی قاعیدە لەلایەن ئوسامە بن لادن لە ماوەی جەنگی نێوان ئەفغانستان و یەكێتی سۆڤییەت بنیات نرا و زۆربەی لایەنگرانی ئەو رێكخراوە كەسانی سەلەفی بوون. 

ئوسامە بن لادن كە ملیاردێرێكی سعوودیە بوو، لە ساڵی ١٩٨٨ رێكخراوەكەی بنیات نا و سەرەتاكان رێكخراوەكە لە لایەن ئەمەریكاوە پشتیوانی دەكرا. یەكەم جار مەبەستی رێكخراوەكە ئەوەبوو خەڵك ئامادە بكات و بیاننێرێتە شەڕكردن دژی یەكێتی سۆڤییەت، بەڵام دواتر ئامانجەكەی گۆڕی.

ئوسامە بن لادن سەرۆكی رێكخراوەكە لە ساڵی ٢٠١١ لە لایەن ئەمەریكاوە كوژرا. گەورەترین هێرشی رێكخراوەكە لە ساڵی ٢٠٠١ ئەنجام درا و دوو تاوەری گەورەی بازرگانیی ئەمەریكای كردە ئامانج.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د