چەكدارانی پەیەدە لە ڕۆژی پێنجشەمەوە مامۆستایەكی زمانی كوردییان لە شاری دێرك ڕفاندووە و دوای گەڕان و بەدواداچوونی زۆری كەسوكاری ئەو مامۆستایە، تا ئێستە هیچ شوێنەوارێكی دیار نییە و بێسەروشوێنە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، ڕۆژی پێنجشەم چەكدارانی پەیەدە لە شاری دێركی ڕۆژئاوای كوردستان مامۆستایەكی زمانی كوردییان بەرەو شوێنێكی نادیار ڕفاندووە و تا ئێستەش هیچ كەس چارەنووسی نازانێ كە ماوە یان كۆتا بە ژیانی هێنراوە.
ئەو مامۆستایەی زمانی كوردی ناوی "ئەمین عومەر"ە و لە سەعات 10ی شەوی پێنجشەم دوای ئەوەی سەردانی نەخۆشخانەی دێركێی كردووە، لەلایەن چەكدارانی پەیەدەوە ڕفێنراوە و لە ڕۆژی نۆی شوبات/فێبرایەری ئەمساڵیش لەلایەن چەكدارانی پەیەدەوە شوێنبزر كراوە و ڕۆژی 20 مانگ بەردراوە، بەڵام ڕۆژی 23ی ئەم مانگە جارێكی تر ڕفێنراوەتەوە.
چەكدارانی پەیەدە لە سەرەتای مانگی ئادار/مارسەوە دەستیان بە هەڵمەتێكی گرتن و ڕفاندن لە ڕۆژئاوای كوردستان كردووە، بەگوێرەی ئامارەكان نزیكەی 60 كادر و بەرپرسی حزبەكانی نێو ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا "ئەنەكەسە" ڕفێنراون و شەش بارەگای ئەو ئەنجوومەنە و حزبەكانی تێیدا هاوپەیمانن لە شارە جیاجیاكانی ڕۆژئاوا سووتێنران و تێكدراون و داخراون و هێرشیان كراوەتە سەر.