شوێنگرەوەی دەرزی پزیشكی داهێنرا

:: PM:12:26:26/03/2017 ‌

لێدانی دەرمان بۆ چارەسەر لە نەخۆشییەكان لە ڕێی دەرزیی پزیشكییەوە، بە لای زۆرێك لە خەڵكەوە كارێكی ئاسایی نییە و ئازاربەخشە، بۆیە بەردەوام خۆیان بە دوور دەگرن لە لێدانی دەرزی پزیشكی، بەو هۆیەوە پزیشكانی ئەمەریكا تەكنیكی تری پزیشكیان داهێناوە كە دەتوانرێ هاوشێوەی دەرزی پزیشكی كاری خۆی بكات، بەبێ ئەوەی هیچ ئازارێكی لێ بكەوێتەوە.

زانایان و پزیشكانی زانكۆی كالیفۆرنیا ڕێگە و شێوازێكی تری لێدان و كوتانی دەرزی پزیشكیان داهێناوە كە لە ڕێگەی دەمەوە ئەنجام دەدرێ و ناویان ناوە "مۆكۆ جێت"، لەسەر چەندان ئاژەڵ تاقییان كردووەتەوە.

ئەو پزیشكانە دەرمانە شلەكەی كە دەكرایە نێو دەرزی و لە مرۆڤ دەدرا، خستوویانەتە نێو كەپسوولێك و هاوشێوەی حەبێكی لێ هاتووە، هەمان دەرمانی شلە كە لە نێو دەرزی دەكرێ، قەبارەی كەپسوولەكە حەوت تا 15 میلیمەتر دەبێ و دوای ئەوەی دەبرێتە نێو دەم و پەستانی دەخرێتە سەر تا دەڕژێتە نێو گەروو، دەرمانە شلەكە لەگەڵ خانەكانی بەرگری لەش یەك دەگرن و بۆ ئەو بەشەی جەستە كە كێشەی هەیە دەگوازرێتەوە.

ئەو پزیشكانە ئەو جۆرە كەپسوولەیان لەسەر كەروێشك تاقی كردووەتەوە و ئەو دەرمانەی لە ڕێگەی "مۆكۆ جێت" كراوەتە جەستەی كەروێشكەوە، سێ ئەوەندی دەرمان خستنە جەستەوە بە دەرزی كاریگەری بەهێزی هەبووە و سیستەمی بەرگری لەشی چالاكتر كردووە.

هاوكات ئەو ڕێگە نوێیە كارئاسانی زۆر بۆ مرۆڤ دەكات و ئەوان دەتوانن بەبێ سستەر و پزیشك كە لەكاتی لێدانی دەرمان بە دەرزی، پێویستمان پێیان دەبێ، بەڵام "مۆكۆ جێت" هەموو كەسێك دەتوانێ خۆی بیكاتە دەمی خۆیەوە و هیچ پێویستی بە پزیشك و سستەر و سەردانی نۆرینگە و نەخۆشخانە نەبێت.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د