نهێنییەكی تری گالاكسی هەشت ئاشكرا دەبێ

:: PM:12:27:26/03/2017 ‌

بڕیارە ڕۆژی 29ی ئەم مانگە، كۆمپانیای سامسۆنگی كۆریای باشوور نوێترین ڤێرژنی مۆبایلی گالاكسی هەشت بخاتە بازاڕەكانەوە و پێگەكانی تەكنەلۆجیاش نهێنییەكی تری گالاكسی هەشت ئاشكر دەكەن، كە هیچ یەكێك لە جۆرەكانی ئایفۆن و گالاكسی تا ئێستە نەیبووە.

ماوەی چەند مانگێكە میدیاكان باس لە زانیاری و وێنەی دزەپێكراوی گالاكسی هەشت دەكەن، بەڵام تا ئێستە هیچ یەكێك لەو زانیارییانە پشتڕاست نەكراوەتەوە، لەم ڕۆژانەش نهێنییەكی تر ئاشكرا كرا كە زۆرێك لە میدیاكان بە ڕاست و دروست لە قەڵەمی دەدەن.

بەپێی ئەو وێنە و زانیارییانەی دزەیان كردووە، گالاكسی هەشت سەكۆیەكی تایبەت بەخۆی دەبێ، كە زۆر پێشكەوتووە و تایبەتمەندی زۆر بەهێزی تێدایە كە تا ئێستە هیچ جۆرێكی گالاكسی و ئایفۆن و مۆبایلەكانی تر ئەم تایبەتمەندییەی پێشكەش نەكردووە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی پێگەی "Win Future" بڵاوی كردووەتەوە، ئەو سەكۆیەی گالاكسی هەشت ناوی "DEX Staiton" دەبێ و وەك لەو وێنەی خوارەوە دەیبینن، بەكارهێنەرانی گالاكسی هەشت دەتوانن مۆبایلەكە لەسەر ئەو سەكۆیە دابنێن، دواتر شاشەی گالاكسی كوالیتێیەكی زۆر بەرز دەبێتەوە و دەتوانرێ بكرێ بە كۆمپیوتەرێك كە بە سیستەمی ئەندرۆید كار دەكات، هاوكات ئەو سەكۆیە بە دەرچەی HDMI و دەرچەی USB و دەرچەی شەحنكردنەوە بەرهەم هێنراوە.

هەروەها كاتێك گالاكسی هەشت زۆر كاری پێ دەكرێ و گەرم دەبێ، دەتوانن لەسەر ئەم سەكۆیەی دابنێن، بە هۆی ئەو پانكەیەی لەو سەكۆیە دروست كراوە، بەخێرایی مۆبایلەكەتان سار دەبێتەوە، دەتوانن بژاردەی Desktop Mode هەڵبژێرن و مۆبایلەكەتان بكەن بە كۆمپیوتەر، بەڵام ئەو سەكۆیە لەگەڵ گالاكسی بەخۆڕایی دابەش ناكرێ، بەڵكو بە نرخی 150 یۆرۆ دەكەوێتە بازاڕەكانەوە.

بڕیارە ڕۆژی چوارشەم 29 ئادار/مارس، كۆمپانیای سامسۆنگ دوای ئەو زیانە گەورەیەی لە مۆبایلی جۆری گالاكسی حەوت كردی، ڤێرژنی نوێی گالاكسی هەشت لە نیویۆرك بخاتە بازاڕەكانەوە.

سەرچاوە/سكای نیوز.




وشە - باز ئه‌حمه‌د